خۆ گۆشەگیرکردنی موقتەدا سەدر
(0) /
سۆزان حەمە تاتە
ڕۆژی 17ی ئابی 2022 لەسەر داوای مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكو نوێنەری زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، جگە لەموقتەدا سەدر كۆبوونەوە، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عێراقو ڕێككەوتن لەسەر دۆزینەوەی میكانیزمی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كە نموونەیەكی نەرێنی حوكمڕانییە لەسەر ناوچەو جیهانیش.
نەچوونی موقتەدا سەدر یان نوێنەری بۆ كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان جۆرێكە لەخۆ گۆشەگیركردنی سیاسی، كە بەپێی هەموو پێدراوەكان ئەنجامی باشی نابێت، بەوپێیەی سەرۆكی ڕەوتێكی سیاسی- مەزهەبییەو ویستی سەپاندنی كارنامەكەی خۆی بەسەر هەموواندا هەیەو ئامادەی گفتوگۆكردنیش نییە كە ئەمەشیان لەدەرەوەی ئەتەكێتو شێوازی سیاسەتكردنە.
ئاڵۆزییەكەی ئێستا كە بەرئەنجامی ڕێگرتن لەسەدرو هاوپەیمانەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتو دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانیو دواتریش بەربژێركردنی محەمەد شیاع سودانیو كەڵەكەبوونی دەیان كێشەی تری چەند ساڵی ڕابردوو بوو، كەوتووەتە سەر ڕێچكەیەكی وا كە پرۆسەی سیاسیی لەعێراق قەتیس كردووە، ڕاستییەكەی ئەوە بۆ عێراقی مەزهەبو خێڵو پڕ لەمیلیشیاو نەریتخوازی تەواو مەترسیدارەو ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی زیاتر دەكات، بەتایبەت كە نوری مالیكیو موقتەدا سەدر هەردوولایان هێزیان هەیەو ئەزموونی شەڕكردنی پێشووشیان هەیەو ئێستاش لەشەڕكردن لەدژی یەكتر دەگەڕێن.
سیاسەتو گۆشەگیری دوورن لەیەكەوە، بەڵكو سیاسەت پرۆسەی بەشداریكردنە چی دەسەڵات بی یان ئۆپۆزسیۆن، ئەوەی دووەمیان زیاتر بۆ مەرجەعی ئایینی دەبێت بەتایبەت لەمەزهەبی شیعەكاندا بۆ نموونە وەكو عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق.
بەردەوامیی سەدر لەبایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیو دانووستانو گفتوگۆ دەرفەتی دووەمی مانەوەی بەبەهێزی لەپرۆسەی سیاسی لەدەستدەدات، بەوپێیەی ئەگەر خۆپیشاندانەكان ببنە مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر عێراقو بەرژەوەندییەكانی ئێرانو تێكچوونی تەواوەتی ماڵی شیعەكان، ئەوا دوا قسە عەلی سیستانی دەیكات نەك سەدر، هێزی یەكلاكەرەوەیش ئێران دەبێتو بەهەمولایەكەوە توانای گۆشەگیركردنی سەدریان هەیە ئەگەر خۆی لەم خۆ گۆشەگیركردنەی نەیەتە دەرەوە.
كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان دەرفەتێكی باشبوو بۆ ڕەوتی سەدر بۆ ئەوەی بەهێزو پاكێجێكی چاكسازییەوە بەشداریی بكەنو زۆرینەی مەرجەكانیان بسەپێنن بەوپێیەی خۆپیشاندانەكان بارودۆخی عێراقییان زۆر ناسەقامگیركردووەو بۆ ڕزگاربوون لەو ئاڵۆزییو ناسەقامگیریەش دەیانەوێت بەلایەنی كەمەوە لەم قۆناغەدا دڵی موقتەدا سەدر ڕابگرن./.
تێبينيێك بنێرە: