بەرهەم ساڵح: عێراق بە دۆخێکی هەستیار و پڕمەترسیداردا تێپەڕ دەبێت

(0) / / ئاسیا / بەرهەم ساڵح


Aug 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک کۆماری عێراق لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕۆژی سێ شەممەی بەغدا وێڕای بانگهێشتکردنی هەمووان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، ئەم دۆخەی بە مەترسیدار ناو برد کە هەمووانی تێدا دۆڕاو دەبێت.

 بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە 23 ی ئابی 2022 لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ئاژاوەگێڕیی سەدرییەکان لە بەرامبەر بارەگای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەم وڵاتە جەختیکردەوە کە ڕووداوەکانی وڵات ئەوە دەخوازێت هەمووان ڕەچاوی بارودۆخەکە و پاراستنی ئارامی بکەن.

ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا وتی: گۆڕانکارییەکانی ئێستای وڵات پێویستی بە پاراستنی سەقامگیری و گرنگیدانە بە زمانی وتووێژ لە لایەن هەمووانەوە و دڵنیایی لەوەی کە بەرەو دۆخێکی نادیار و مەترسیدار کە تێیدا هەمووان دۆڕاو دەبن، هەنگاو نەنێین.

سەرۆک کۆماری عێراق وتی: خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانە و دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکان مافێکی دەستەبەرکراوە لە دەستووری عێراق، بەڵام هەڕەشەکردن و خوڵقاندنی کێشە لە بەردەم دەزگای دادوەری بابەتێکە کە بە جیدی هەڕەشە لە وڵات دەکات، ئێستا دەبێت بۆ پاراستن و بەرگری لە دەزگای دادوەری، پێگە و سەربەخۆیی هەوڵ بدەین، داواکارییەکان دەبێت بە پێی یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.

بەرهەم ساڵح لە درێژەدا وتی: وڵات بە قۆناغیکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و پاراستنی ڕێگای دیمۆکراتیک و ئاشتیخوازانەیە کە خەڵکی ئێمە خەباتیان لەو پێناوەدا کردووە، بە هەر نرخێک نابێت لەم ڕێگایە دوور بکەوینەوە و دەبێت بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان کە کاریگەریی لە سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی گشتی هەیە، هەوڵ بدەین./.