کێشەی دانەوەی قەرزەکانی عێراق بە ئێران هێشتا چارەسەر نەکراوە

(0) / / ئاسیا / ئێران


Apr 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بەغدا بە بیانووی جیاجیا خۆی لە دانەوەی قەرزەکانی ئێران دەدزێتەوە.

یەحیا ئالی ئێسحاق ڕایگەیاندووە کە لە بازاڕی عێراقدا چەندین ڕکابەری گەورەی وەک سعوودیە، تورکیا، ئۆردن و چین بوونیان هەیە بەڵام ئێران پشت بەو پەیوەندییەی نێوان هەر دوو وڵات دەبەستێت و بە چارەسەرکردنی بەربەستەکان پشکی خۆی لە بازاڕی عێراق دەپارێزێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بوونی سعوودیە و وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە لە عێراق ناتوانێت کێشە بۆ پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا بخوڵقێنێت.

ئالی ئێسحاق وتی کە حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی قەرزەکانی ئێران بەردەوام بیانووی جیاجیا دێنێتەوە و ئێستا کە ئەمریکییەکان موڵەتێکیان خستووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی بەغدا، هیوادارین هیچ بیانوویەک نەمێنێت و قەرزی هەناردەی گاز و کارەبا بە ئێران بدرێتەوە./.