نهێنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سەرکردەی بەرەی نوسرە

(0) / / ڕاپۆرت / بەرەی نوسرە


Apr 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

چاوپێکەوتنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئەمریکی لە گەڵ سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسرە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەیوەندی بەهێزی واشنتن و گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا ئاشکراتر دەکات.

" ئێمە ڕەخنەمان لە هەندێک سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سوریا هەبووە، بەڵام داوای ئەوەمان نەکردووە کە دژی ئەو وڵاتانە هەنگاوێک بنێین" . ئەمە لێدوانێکی ئەبومحەممەد جۆلانی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی دەستەی تەحریری شامە کە لە بەرەی نوسرەی پێشوو پێکهاتووە.

جۆلانی بە هیوای پاڵپشتی ئەمریکییەکان خەونی ئەوە دەبینێت کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوری سوریا، حکومەتی ڕزگاری پێک بهێنێت و هەوڵیش دەدات پێگەی تورکیا لەو ناوچانە بپارێزێت، بەڵام ئەو کەسێکە کە خوێنی خەڵکی سوریای ڕشتووە و ئەندامانی سەر بە گرووپەکەی ئەو بە پاساوی جیاجیا سەدان تاوانی گەورەیان دژ بەو خەڵکە خوڵقاندووە.

جۆلانی کەسێکە کە بەرهەمی گرووپی تیرۆریستی داعشە و لە گەڵ ئەم گرووپەدا وەک هاوپەیمان ماوەتەوە و لە ڕیزەکانیدا شەڕی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، خۆی وەک قارەمانێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لایەنگری ئازادی و مافی مرۆڤ دەناسێنێت.

ئەبومحەممەد جۆلانی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی FRONTLINE  ی ئەمریکی هەوڵی ئەوەیدا کە داواکارییەکەی خۆی بە سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا بگەێنێت و لە بایدن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوا بکات کە قبووڵی بکەن.

ئەم تیرۆریستیەی بەرەی نوسرە لەو چاوپێکەوتنەدا پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد کە تەحریری شام، کەسانی سڤیلی دەستبەسەر نەکردووە و خۆیی وەک لایەنگری مافی زیندانییەکان ناساند. ئەڵبەت جەختیکردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە تیرۆریستییە " هەڕەشەیەکی ئەمنی یان ئابوری بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نییە و پێویستە ئەو وڵاتانە لە سیاسەتەکانیان بەرامبەر بە ئێمە پێداچوونەوە بکەن".

جۆلانی ئەو کەسەیە کە لە میدیاکانی ئەمریکادا دەرکەوتووە و بەم گۆڕینە ڕواڵەتیانە هەوڵ دەدات ئەمریکییەکان دان بە سەرکردایەتی ئەودا بنێن بەڵام ڕەنگە ئەبومحەممەد ئەوەی لە بیر کردبێت کە نازناوەکەی بگۆڕێت، لە بەر ئەوەی کە واشنتن دەسەڵاتی ئیسرائیلی لە جۆلانی داگیرکراوی سوریا بە فەرمی ناسیوە./.