یەکێتی و پارتی چۆن باسی کۆبوونەوەکەی نێوانیان دەکەن؟

(0) / / كوردستان / کوردستان


Mar 08, 2023

قەبارەی فۆنت:
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی ئاشکرا کرا و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەمساڵ لێک تێگەیشتنی باش هەیە.
زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان وتی کە لە کۆبوونەوەکەی 8 ی ئازار لێک تێگەیشتنی باش هەبووە بە شێوەیەک کە بەشێکی گرنگی ئەو ئاستەنگانەی کە هەن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان، چارەسەر کران.
ناوبراو وتی کە یاساکە ڕەهەندی نیشتمانی هەیە و پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی هەیە و پاش ئەو لێک تێگەیشتنە، بڕیارە کۆبوونەوە لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش و پێکهاتەکانیش بکرێت.
هەروەها زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی هەر دوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی وتی کە بۆ پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بابەتێکی ئەوتۆ نەماوە کە جێی ناکۆکی بێت و خاڵە هاوبەشەکان زیاتر بوون.
ناوبراو وتی کە بۆ ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێکهاتەکان بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوە لە گەڵ نوێنەرانی ئەواندا بکرێت و لە گەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوە دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی وتی کە پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردبەکانیش تێگەیشتنی هاوبەشی لە سەرە کە یەکێکە لە بەربەستە یاساییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوە یاساییەکان دەست پێدەکەن./.