مەسرور بارزانی بەڵێنێک بە ڕۆژنامەنووسان دەدات

(0) / / كوردستان / کوردستان مەسرور بارزانی


Apr 22, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندرووست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی کە ئازادانە کار و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان کردووە و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیی بۆ ئەوان خواستووە.
ناوبراو لەو پەیامەدا ڕایگەیاندووە کە بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیر و ڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندرووست بۆ ڕۆژنامەنووسان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی کە ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا ئەرکەکانیان بە پێی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیوای خواستووە کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان کار بکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و کەلتوری پێکەوەژیانی ئائینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو کوردستانیان./.