ئەوەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە باڵیۆزی ئەمریکای ڕاگەیاندووە؟

(0) / / كوردستان / بافڵ تاڵەبانی


Jun 07, 2023

قەبارەی فۆنت:
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی سلێمانیی کرد و لە گەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووە.
لە کۆبوونەوەی نێوان ئەلینا ڕومانۆسکی و بافڵ تاڵەبانی دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لە سەر بەردەوامی وتووێژی نیشتمانی کرایەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە دۆخی گشتی هەرێم بە تایبەت پرسی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند کە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن ڕوونە و لە سەرەتاوە لە گەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین بەڵام هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە دەستێوەردان، ئەمەش بە یاسایەکی نوێ و کۆمیسیۆنێکی بەهێز دەکرێت نەک یاسایەک کە دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێکی ڕووکەش بڕەخسێنێت، ئێستاش کات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە کە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە.
بافڵ تاڵەبانی وتی کە بەداخەوە دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر پرسیاردایە و حیزب دەستێوەردان لە کارەکاندا دەکات، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێت ڕێگریی لێبکرێت.
سەرۆکی یەکێتی وتی کە ئەم دۆخە سیاسییەی ئەمڕۆ لە هەرێم هاتووەتە ئاراوە نەک خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات بەڵکوو لە سیاسەت و حکومڕانییەکی تەندرووست دوورمان دەخاتەوە، ناشتوانین کۆتایی بەو دۆخە بهێنین ئەگەر واز لە عەقڵییەتی سەپاندن و تاکڕەوی نەهێنین و پێکەوە لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کار نەکەین./.