کۆمەڵی دادگەری شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی پارتی و یەکێتی دیاریکرد

(0) / / كوردستان / کوردستان


Jul 01, 2023

قەبارەی فۆنت:
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایگەیاند کە پێویستە بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەرۆکایەتی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن.
بێستون محەممەد ساڵح وتی کە کۆمەڵی دادگەری لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کورد لە ناوچە کێشە لە سەرەکان، لە گەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکان دەکەوێتە وتووێژ.
ناوبراو وتی: ئەگەر کورد بە شپرزەیی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکات، بە تایبەت ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام بێت، زیان دەکات و خەڵکی کورد بە ڕوونی ئەم هۆشدارییەیان بە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان داوە.
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان وتی کە ئەم هەڵبژاردنانە دەتوانێت دۆخی کەرکوک بگۆڕێت، لە بەر ئەوەی کە لە ئێستادا لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دۆخێکی نائاسایی هەیە و دەبێت لە ڕێگای سندۆقەکانی دەنگدانەوە کۆتایی بەم دۆخە بهێندرێت.
وتیشی کە پێویستە سەرۆکی پارتی و یەکێتی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بکەن بۆ وەلاوەنانی ناکۆکییەکان و بە برایەتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن.