تورکیا هەوڵی دوورخستنەوەی پارتی و یەکێتی لە ئێران دەدات

(0) / / فایلی تایبەت / تورکیا کوردستان


Jul 07, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە تورکیا هەوڵی دوورخستنەوەی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لە ئێران دەدات.
سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە تورکیا هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەبێت، ئەویش بە ئامانجی دوورخستنەوەیان لە ئێران. درێژکردنەوەی بایکۆتی گەشتەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی تا کانوونی دووەمی 2024 وەک گوشارێک لە سەر سەرکردەکانی یەکێتی بۆ گەیشتن بەم مەبەستە ناو براوە.
پێگەی العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە پاش پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق لە مانگی حوزەیران دیسانەوە ئاڵۆز بووە و ئەنکەرە نیگەرانە کە ئەم ئاڵۆزییە بەردەوامە، زیاتر یەکێتی لە ئێران نزیک بکاتەوە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە سنوری هاوبەشی و نزیکیی جوگرافی وایکردووە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەردەوام پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ ئێران هەبێت.
تورکیا لە مانگی ئایاری 2023 تا ئێستا گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاگرتووە، بیانووەکەشی ئەوەیە کە پەکەکە لە سلێمانی و ناوچەکانی ژر کۆنتڕۆڵی یەکێتی چالاکیی هەیە و هەروەها سەرکردایەتی یەکێتی لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە لە سوریا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە ئیبراهیم کاڵین سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری تورکیا فەرمانی ئەوەی دەرکردووە پەیوەندییەکان لە گەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی باشتر ببێت.
تورکیا لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان نزیکە و بوونی هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوەی نوێی تورکیا کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ مەسرور بارزانی هەیە، ڕۆڵی لە باشتربوونی پەیوەندییەکاندا هەیە.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەیە.