یەکێتی ئیدانەی دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی دەکات

(0) / / كوردستان / کوردستان شێروان شێروانی


Jul 21, 2023

قەبارەی فۆنت:
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە دووبارە سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە لایەن دادگای هەولێرەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە پاش ئەوەی دادگای کەتنی هەولێر بۆ جاری دووەم ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانیی بە چوار ساڵ زیندانی سزادا، وادەکات جارێکی دیکە ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی سەدان نیشانەی پرسیار لە سەر ئازادی وتن و ئازادی ڕەخنە و بڵاوکردنەوە لە کوردستان درووست بکات.
لە درێژەی بەیاننامەکەی یەکێتیدا هاتووە کە سزادانەوەی شێروان شێروانی بۆ جاری دووەم وا دەکات دیسانەوە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە تایبەتەکان بە مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەگەری وەک جارانی دیکە، ژینگەی ئازادیی هەرێمی کوردستان بە ترسناک لە قەڵەم بدەنەوە و لەوەشدا بوختانیان نەکردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کاتێکدا دەتوانرا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی کوردستان و یاسای ڕۆژنامەگەری ئەو دادگایە بەڕێوە بچووبایە، ئەگەرچی هەر لە بنەڕەتدا نووسین و بڵاوکردنەوە تاوان نییە تا حوکمی زیندانی لە سەر بدرێت، ئومێدی هەموومان وابوو کە چیتر دادگاکان نەکەونە ژێر کاریگەری و گوشاری سیاسی و دەرەچەیک بهێڵنەوە بۆ وتن و ڕەخنە تا لەمەش زیاتر ناو و ناوبانگی ئازادی بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان ناشیرین نەبێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە کە ئەهلی قەڵەم و چالاکوانانی مەدەنی و دیمۆکراتی لە کوردستاندا شانازی بە ئازادی و ئارامییەکەوە دەکات کە شایانی ئازادی و ڕێزگرتن بێت نەک زیندان و کۆت و بەند.