لە میانەی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی ئێران.. سەرۆك کۆمار: عێراق کار بۆ بنیاتنانی دوو بەنداو دەکات لەپێناو رێکخستنی بەکاربردن و سودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە


Mar 25, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق. لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمرۆ دووشەممە 25-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی قوڵی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کراو گرنگی فراوانکردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بواری هاریکاری دوو قۆڵی دوپاتکرایەوە، بەجۆرێك لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ و گەلانی تەواوی ناوچەکەدا بێت. سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، دیداری لەگەڵ سەرۆك کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی حەوتەمین لوتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز لە جەزائیر، بەرهەمداربوە بۆ گرتنەبەری ستراتیژێك، کە هاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی غاز بەدیبهێنێت، کە کاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت. سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق چاوی لە هاریکاری زیاتر و سودوەرگرتنە لە شارەزایی و ئەزمونەکان، بەتایبەتی لەبواری دروستکردنی بەنداو و بەڕێوەبردنی ئاو. هەروەك کارەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی دوو بەنداو بۆ سودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین و رێکخستنی بەکارهێنانی ئاو. هاوکات بەڕێزیان ستایشی ئەزمونی ئێرانی کرد لە بنیاتنانی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاوەڕۆ. سەرۆك کۆمار هەڵوێستی چەسپاو و پشتیوانانەی عێراقی لەبارەی مەسەلەی فەڵەستین و پێویستی کۆتاییهێنان بەدەستدرێژی بۆسەر خەڵکی غەززە دوپاتکردەوە، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی بۆ مەسەلەی فەڵەستین، کە خزمەت بە گەلی فەڵەستین بکات، هەروەك هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانی لە مەسەلەی فەڵەستین و روبەڕوبونەوەی دەستدرێژی. لەبەرامبەردا بەڕێز محەمەد کازم ئال سادق هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دوپاتکردەوە و جەختیشیکردەوە لەسەر پەرۆشی سەرکردایەتی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش بەشێوەیەك کە خواستەکانی گەلانی عێراق و ئێران بەدیبهێنێت. باڵیۆزی ئێران دوپاتیکردەوە، کە وەفدێکی ئێرانی سەردانی عێراق دەکات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە سودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و باران و دروستکردنی بەنداو، ئەمەش یارمەتیدەردەبێت بۆ چەسپاندنی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بۆ روبەڕوبونەوەی رەوشی ژینگەیی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.