جەختی سەرۆك کۆمار لەسەر پێویستی پەلە کردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە


Mar 28, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ سەرۆك کۆمار جەختدەکاتەوە لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی. سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێز تەیف سامی وەزیری دارایی. لە دیدارەکەدا ژمارەیەك دۆسیەی ئابوری و دارایی تاووتوێ کران و بەڕێز سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی گرتنەبەری پلانی ستراتیژی مۆدێرن کرد، کە ئاستی ئابوریی عێراق گەشەپێبدات و کار بۆ دەستەبەرکردنی لایەنی دارایی حکومەت و هاووڵاتیان بکات. سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی. ئاماژەی بەوەشکرد، دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو چین و توێژانە، راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ژیان و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا هەبوە. هەروەها بەڕێز سەرۆك کۆمار پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانی دوپاتکردەوە بۆ پەسندکردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 و پاڵپشتیکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت، سەرەڕای ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی وەبەرھێنان و ھەوڵدان بۆ ئامادەکردن و دەرکردنی یاسا، کە لە بەرژەوەندیی باشترکردنی ژیانی عێراقییەکانە لە سەرتاسەری وڵاتدا. لەلایەن خۆیەوە وەزیری دارایی ئاماژەی بە پەرۆشی وەزارەت کرد بۆ جێبەجێکردنی پلانی وەزاری بەمەبەستی پەرەپێدانی لایەنی ئابوری، بەشێوەیەك کە دەرفەت بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە بڕەخسێنێت لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.