بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری لە کوردستان، بووە بە هۆکارێک بۆ دروستبونی دەیان ڕێکخراوی کۆمەک بەخش

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە کوردستان خۆبەخش کۆمەک بەخش


Apr 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ هەڵگیرساندنی جەنگی داعش و دروستبونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هاتنی پەتای کۆرۆنا و قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، ئەمانە ئەو هۆکارە کاریگەرانەنن کە وایکردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو بەرزبونەوە بچێت و بەپێی ڕاپۆرتێکی ئۆفیسی هاوكاریی پەنابەرێتی ئەوروپی (EASO ) لە راپۆرتێكیدا تایبەت بە دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە 2020 بڵاویكردەوە، دەڵێت:

رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان (12.5% بۆ 13%)ە
بەپێی ئامارە نافەرمیەكانیش، رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان  لە (5%)ەوە بۆ نزیكەی (13%)ە بەرزبووەتەوە و ئاشکرایە دوای کۆتای هاتنی پەتای کۆرۆناش قەیرانەکان هەر بەردەوامیان هەبوە و هەرئەمەش وادەکات کە گۆمان بکەین کەئەوڕێژەیە لە ئێستادا زۆر زیاتربووە.
بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کودستاندا بەو خێرایە بووە بە هۆکارێک بۆ ئەوەی دەیان ڕێکخرا و گروپی خێرخوازی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دروست ببێت، کە ئەرکیان گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییە بەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بەوەیە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.

ڕێکخراوی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی کەلار ، یەکێکە لەو دەیان ڕێکخراوەی کە لە کوردستاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە هاوکاریکردنی و گەیاندنی کۆمەک  بەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکاری هەیە.

جەلال محەمەد، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند: ڕێکخراوەکەمان لە  ساڵی 2020 وە  لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنادا دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامین لە گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە.
وتیشی: کاریگەریەکانی ئەو پەتایە لە سەر خەڵکی کوردستان یەکجار کاریگەر بوو، خەڵکی کاری لە دەسدا و زۆربەی شوێنەکان داخران، مووچە نەبوو، ژیان بۆ بەشە هەژارەکەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو بە دۆزەخ، مەرگ و نەخۆشی و بێکاری و هەژاری بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەوە.
بۆیە لەو بارودۆخەیا ئەو هاوڕێیانەی کە تۆڕەکەیان لە ئەوروپاو کەنەداوە پێکهێنابوو، پێیانوابوو کە پێویستە لە کوردستان  بە هانای خەڵکەوە بچن، پەیوەندیان بە ئێمەمانانەوە لە کوردستان کرد و تۆڕەکانمان لە چەندین شاروشارۆچکە پێکهێنا.
لەو کاتەوە، خەڵکی نەدار، کەمدەرامەت، نەخۆش و مناڵانی بێ سەرپەرشت، ئەو کەسانەی کە بارودۆخی داراییان زۆر خراپە ، سودمەندن لە هاوکارییەکانی ئێمە.

جەلال محەمەد، ڕونیشی کردەوە: ئێمە لە هەموو کوردستاندا چالاکیمان هەیە و ڕێکخراوەکەمان لقی لە شارەکانی، سلێمانی، هەولێر، کەلار، کفری، ڕانیە، کۆیە، کەڵەکچی، کەرکوک هەیە، بەڵام هاوکارییەکانمان لە ڕێگەی تۆڕەکان و کەسانێک کە پشتیوان و هاوکارمانن دەگات بە شوێنەکانیتر وەک دهۆک، هەڵەبجە، بازیان، خورماڵ، بەردەقارەمان و  لە هەر شوێنێکی کوردستان بە پێی تواناییەکانی خۆمان، ئەبینە پشتوپەنای هەژاران.
جەلال محەمەد، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی کەلارئاماژەی بەوەشدا: ئێمە دوو ئامانجی سەرەکیمان هەیە٫ یەکەم ئامانجمان ئەوەیە کە لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیمانەوە بەرامبەر کۆمەڵگەی کوردستان، لە پەنای خەڵکی هەژاردا بمێنینەوە و هاوکار و پشتیوانیان بین بە تەنها جێیاننەهێڵین و هەروەها هەیبەت و کەرامەتی خەڵکی هەژار ڕابگرین. دووهەم ئامانجمان دروستکردنی گیانی کاری هەرەوەزی و فراوانکردنەوەی ڕۆحی هاوکاری یەکتر و پشت بە خۆبەستن و لە گەڵ ئەوەشدا هۆشیارکردنەوەی خەڵکی هەژاری کوردستان.

سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی کەلارئەوەشی ڕاگەیاند: سەرچاوەی کۆمەک و هاوکارییەکانی ئێمە ئەو خەڵکە مرۆڤ دۆستانەن کە لە دەرەوەی کوردستان، لەوانە  لە سویسرا، ئەڵمانیا، کەنەدا، بەریتانیا، هۆڵەندا ، سوید  فینلەندا کۆمەک و هاوکاری دارایی، جلوبەرگ، ئەنێرنەوە کوردستان و بەشێکی هاوکارییەکانیشمان لە کوردستان لە ڕێگەی تۆڕەکانی ناوخۆوە دابین دەکرێت و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی پڕۆژەی خۆمان هەبێت و بێتە سەرچاوەی کۆمەک و هاوکاریییەکانیان.

جەلال محەمەد ئاشکرایشی کرد:  بەشێک لە کۆمەک و هاوکارییەکانمان بۆ نەخۆشخانە و قوتابخانە و شوێنە گشتیەکانە، لە کاتێکدا کە ئەرکی حکومەتە خزمەتگوزاری پێویست بگەیەنێت بەو شوێنانە، بەڵام دەبینین کە دەسەڵات  ئەرکی خۆی بەرامبەر بەو شوێنە گشیانە وەک پێویست جێ بەجێ ناکات بۆیە  لە هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو شوێنە گشتیانە هەوڵمانداوە بەشێک لە کۆمەک و هاوکاریەکانمان بگەیەنین  بەو شوێنانەش.

هەوڵەکان بۆ دەربازبونی  هەرێم لەو قەیرانە دارایەی کە ساڵانێکە تێیکەوتووە لەوئاستەدانین کە مایەی دڵخۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خێزانە هەژارەکان، بۆیە واچاوەڕێ دەکرێت لەبری کەم بونەوەی ڕێژەی هەژاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەکە بەرزترببێتەوە، ئەمەش فاکترێک دەبێت بۆ دامەزرانی دەیان ڕێکخرا و گروپی دیکەی خێرخوازی لە هەرێمی کوردستان.