پێویسته هەمووان ئاوڕ لە هەڵەبجە بدەنەوە

(0) / / كوردستان / زایەڵە کوردستان


Apr 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت: باشترن کارێک کە ئێمە بتوانین لەم بارودۆخەدا بیکەین بۆ هەڵەبجە، بنیادنانى کۆلێژێکى پزیشکى ئاست بەرزە بۆ خزمەتکردن بە کەرتى تەندروستى و پزیشکى شارەکە"

لە کۆبونەوەی نێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى هەڵەبجە، دوپاتى هەماهەنگى و هاوکارى زانکۆى هەڵەبجەو حکومەتى خۆجێى و تەواوى دامودەزگاکان کرایەوە بۆ سەرخستنى کارەکانى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى هەڵەبجەو خزمەتکردن بە کەرتى تەندروستى و پزیشکى لە شارەکەدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە  دکتۆر ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە و شاندیکی یاوەری. لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجەو ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە سوپاس و پێزانینى خەڵکى هەڵەبجەى گەیاند بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ هەوڵ و پشتیوانییەکانى بەمەبەستى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە، کە ئەم کۆلێژە بەرهەمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و دامەزراوەکانى دیکەیە بۆ خزمەتکردن بە سێکتەرى تەندروستى و پزیشکى لە هەڵەبجەى شەهید. زیاتر وتیشى: تەرخانکردنى بڕى ٢٠٠ ملیۆن دینار لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵاوە بۆ ژێرخانى ئەم کۆلێژە جێگەى پێزانینە.

لای خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕایگەیاند: هەڵەبجە بەشێکە لە ناسنامەى نەتەوەیمان و ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆى هەڵەبجە درێغى ناکەین، بۆیە ئەرکى هەموو لایەنەکانە بەیەکەوە خزمەتى زیاتر بەم شارە خۆشەویستەى کوردستان بکەین و هەریەک لاى خۆمان بە پرۆژەو کارى گرنگەوە بتوانین کەمێک لە ئازارەکانى هەڵەبجە سارێژ بکەین. 

جێگەى ئاماژەیە ئەمساڵ لە یادى ٣٦ ساڵەى کارەساتى کیمیابارانى شارى هەڵەبجەى شەهید، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجەى رادەستی سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە کردوە.