سەرۆك کۆماری عێراق و پادشای ئوردن وتووێژی دووقۆڵی و فراوان ئەنجامدەدەن

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە پادشای ئوردون عێراق


Apr 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید و خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای شانشینی هاشمی ئوردن بە ئامادەبوونی شازادە حسێن بن عەبدوڵڵا شازادەی جێنشینی ئوردن کۆبونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا.

لە میانەی کۆبونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە  15-4-2024 لە کۆشکی بسمان بەڕێوەچو، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات لەپێناو پتەوکردنی هاریکاری ئابوری و کاری پێکەوەیی لە کەرتە جیاجیاکانی گەشەپێدان و هێنانەدی ویستی هەردوو گەلی برای عێراق و ئوردن.
هەردوولا باسیان لە کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد، کە جێگەی بایەخی هاوبەشن و رۆڵی سەرەکیی عێراق و ئوردن لە ناوچەکەدا تاووتوێکرا، هاوکات پەرۆشیی هەردوولا بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، جەختی لەسەرکرایەوە.
سەرۆك کۆمار و پادشای ئوردن جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ راگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەکان بۆسەر غەززە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی فەڵەستین، کە کۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت و گەلی فەڵەستین بە مافە رەواکانی خۆی بگات، کە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکان زامنکراوە. هەروەها سەرۆک کۆمار و پادشای ئوردن داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوبنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییە مەترسیدارانەی دژبە گەلی فەڵەستین ئەنجامدەدرێن، کە بریتین لە سیاسەتی پەیڕەوکردنی جیاکاری نەژادی و گەمارۆدان و دەستدرێژیکردنەسەر پیرۆزییەکان.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان و وەستاندنی پەرەسەندنی بەردەوام کرا و جەختکرایەوە لەسەر گرتنەبەری بنەمای لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا.
دواتر گفتوگۆی فراوان لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆکایەتی لایەنی عێراقی کرد، کە پێکهاتبون لە د.خالید بەتال وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و تاڵیب خەلیل راهی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و د.کامل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و د.هیشام عەلەوی بریکاری وەزارەتی دەرەوە و د.محەمەد ئەمین فارس راوێژکاری سەرۆك کۆمار و د.جەمال محەممەداوی راوێژکاری سەرۆك کۆمار و مونیف عەلی حسێن هەكسوڕێنەری کاروباری عێراق.
هاوکات خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم سەرۆکایەتی لایەنی ئوردنی کرد، کە بریتیبون لە شازادە حسێن بن عەبدوڵڵا شازادەی جێنشین و د.بەشر خساونە سەرۆك وەزیران و د.جەعفەر حەسان بەڕێوەبەری نوسینگەی پادشا و یوسف شمالی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی چەسپاندنی هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئەمنی و بازرگانی و ئابوری و وزە و ژینگە و گەشتیاری.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژانەی هەردوو وڵات دەستیانکردوە بە جێبەجێکردنیان بەتایبەتی شاری ئابوریی هاوبەش و بۆری نەوت و هاریکاری لەبواری کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدانی ئابوری و بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی ئاسایش و هەواڵگری بۆ روبەڕوبونەوەی باندە تیرۆریستییەکان و بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، سەرەڕای پەرەپێدانی هاریکاری دادوەری لەنێوان هەردوو وڵات تایبەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی گەڕاندنەوەی پارە و کەلوپەل و ئەوانەی تێوەگلاون لەو دۆسیەیانە.
سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر پێویستی درێژەدان بە کۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان عێراق و ئوردن و میسر بەشێوەیەکی وەرزی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی کۆبونەوە باڵا سێقۆڵییەکانی پێشوو.
هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە بارودۆخی رەوەندی عێراقی لە ئوردن و گرنگی دابینکردنی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا کرا لەپێناو هاندانی گەشت و گەشتوگوزار لەنێوان هەردوو وڵات و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سزای دارایی سەر ئەو عێراقیانەی لە ئوردنن بەمەبەستی راستکردنەوەی باری یاساییان.
لە بەرامبەردا خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و کاری هاوبەش لە بوارەکانی وزە و پیشەسازی و بازرگانی و ژینگە.
شا عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوەشکرد ئوردن بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوی لە بنیاتنانی پەیوەندییەکی تۆکمەیە لەگەڵ عێراق، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بکات و رۆڵی سەرەکی هەردوو وڵات گەشەپێبدات لە پەرەپێدانی دەرفەتی ئاشتی، هەروەها باسی ئەو پەیوەندییە برایەتی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەی کرد، کە گەلی عێراق و ئوردن پێکەوە دەبەستێتەوە.
پادشای ئوردن تیشکی خستەسەر دۆخی غەززە و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دابینکردنی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و گەیاندنی ئەو کۆمەکانە بە هەموو رێگایەکی بەردەست.
هەروەها ئاماژەیکرد بە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان ئوردن و عێراق و ستایشی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هێڵی کارەبای نێوان هەردوو وڵاتی کرد.