سەرۆك کۆمار پێشوازی لە رەوەندی عێراقی لە ئوردن دەکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە عێراق ئوردن


Apr 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە شوێنی مانەوەی لە عەممانی پایتەختی ئوردن، پێشوازی کرد لە ژمارەیەك لە رۆڵەکانی رەوەندی عێراقی لە ئوردن.

لە وتەیەکدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 15-4-2024 لە میانی دیدارەکەدا پێشکەشیکرد، سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە سەردانەکەی ئێستای بۆ شانشینی هاشمیی ئوردن لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برادایە، هەروەها بۆ فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەرسێ وڵات، عێراق، ئوردن و میسرە بە تایبەتی لە بوارەکانی وزەی نوێبوەوە، کە ئەمە پێویستی بە کاری چڕوپڕ هەیە لەو کۆبونەوەیەی ئومێد دەکرێت بەمزوانە ببەسترێت و  وەزیران و تەکنیکارانی تایبەتمەند لە هەرسێ وڵات بەشداری تێدا دەکەن.

سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، عیراق بە پەرۆشە بۆ درێژەدان بە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ براکانی لە پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکات.

سەبارەت بە پرسی فەڵەستین، سەرۆك کۆمار پشتیوانی حکومەتی عێراق و خەڵکەکەی بۆ گەلی فەڵەستین دوپاتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەکان بۆسەر کەرتی غەززە کردەوه، که کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکه هەبووه.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ پرسی فەڵەستین، کە داواکارییەکانی گەلی فەڵەستین بەدیبهێنێت بۆ گەیشتن بە مافە تەواوەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئازاد و سەربەخۆی خۆیان لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان.

سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەی عێراق لەئێستادا بەخۆیەوەدەبینێت و کاریگەری ئەرێنی داناوە لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ کۆی وڵاتانی جیهان، هەروەها پێداگری حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەکەی و درێژەدان بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو پارێزگاکانی وڵاتدا رونکردەوە، داواشی لێکردن لەڕێگەی ئەزمون و تواناکانیانەوە بەشداری بکەن لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بونیادنانی عێراق و گەشەپێدانی.

سەرۆك کۆمار رایگەیاند، لە میانی گفتوگۆکاندا لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم، بارودۆخی رەوەندی عێراقی تاووتوێ کردوە. ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانیان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە عێراقییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکان و تەنانەت لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی عێراقە.
لای خۆیانەوە رۆڵەکانی رەوەندی عیراقی لە ئوردن سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێز سەرۆك  کۆمار دەربڕی بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە، جەختیان لەوەشکردەوە، کە ئەم پەیوەندی و دیدارانە لەگەڵ رۆڵەکانی رەوەندی عێراقی لە دەرەوەی وڵات و گرنگیپێدانیان، ئاسانکاری دەکات بۆیان لە لابردنی ئەو ئاستەنگ و رێگریانەی روبەڕویان دەبێتەوە لە ماوەی مانەوەیان لە دەرەوەی وڵات.