ژمارەیەک بینای قوتابخانە لەگەرمیان، مەترسی ڕوخانیان لەسەرە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە قوتابخانە کوردستان گەرمیان


Apr 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - کەمی بینای قوتابخانە یەکێکە لەگرفتەکانی بەردەم بەرەوپێشچونی پرۆسەی پەروەردە لەگەرمیان و  بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت:"  پێویستیان بە نزیکەی چل قوتابخانە هەیە بۆئەوەی بتوانن بەتەواوەتی گرفتی دوو دەوامی لە سنورەکەدا چارەسەر بکەن.

دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان سێ قوتابخانە هەن کە یەکێکیان 20% و دوانەکەی دیکەش زیاتر 90%ی کارەکانیان تەواوبووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەبونی نەختینە لە بانکەکاندا کارکردن لەو سێ قوتابخانە  بەتەواوەتی ڕاگیراوە.

 وتیشی:" هەر لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان 70 قوتابخانەهەن کە هەموو مامەڵەکانیان تەواو بووە بۆئەوەی نۆژەنبکرێنەوە، بەڵام دیسانەوە بەهۆی نەبونی نەختینە لە بانکەکاندا هیچ کۆمپانیایەک ئامادەنییە کاری تێدا بکات و چەند قوتابخانەیەکی دیکەشمان هەن دیسانەوە بەهۆی نەبونی نەختینەوە نۆژەنکردنەوە تیایاندا ڕاگیراوە.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، ڕونیشی کردەوە:" چوار بینای قوتابخانەش هەن کە مەترسی ڕوخانیان لەسەرە، بەڵام لە تەنیشت یەکێک لەو قوتابخانەوە بینایەکی نوێمان دروستکردووە، کەچی کارکردن لەو بینا نوێیەش ڕاگیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 70 بینای دیکە هەن کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەهەیە

دارا ئەحمەد سەمین :" ئاماژەی بەوەشکرد:" لە سەردانەکەی ئەم دوایەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، بەڵێنی ئەوەی پێداوین کە پارەی پێویست بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی کە بەهۆی نەبونی نەختینە لە بانکەکاندا ڕاگیراون تەرخان بکات و کارکردن تیاندا دەست پێ بکاتەوە.

دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، ئاشکرایشی کرد:" یەکێکی دیکە لەوگرفتانەی کە لەسنوری بەڕێوەبەراتییەکەیاندا بونی هەیە گرفتی دوو دەوامییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش پێویستیان بە "چل" بینای نوێ هەیە بۆئەوەی بتوانن دەوامی هەموو قوتابخانەکان بکەن بە یەک دەوامی و بەمەش دەتوانن خزمەتی زیاتر بە کەرتی پەروەردەبکەن لە سنورەکەدا.