لافاو زیان بە گۆمی دەستکردی بۆیسانە دەگەیەنێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان بۆیسانە


May 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی کە ماوەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە لافاو لەزۆر ناوچە دروست بووە و هەروەها بووە بەهۆی زیادبونی ئاستی  ئاوی بەست و بەنداو و ئەو گۆمە دەستکردانەی کە لە کوردستاندا دروستکراون. 

هەر بەهۆی هاتنی لافاو و زۆری ڕێژەی باران بارینەوە ئاستی ئاو لە  گۆمی دەستکردی گوندی بێستانەی سەر بەناحێی شێخ تەویل بەجۆرێک زیادی کردووە کە زیانی مادیی زۆری پێگەیاندووە.

دانا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری ناحێی شێخ تەویل، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ئەمساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارینەوە گۆمی دەستکردی بێستانە، بەتەواوی سەرڕێژ بووە.

وتیشی:" بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاوەکەوە لەلایەکی گۆمەکەوە ئەوبەردانەی کەدانراون زیانیان پێگەیوە و هاتوونەتەخوارەوە.

دانا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری ناحێی شێخ تەویل ئاماژەی بەوەشکرد:" بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەو ڕێگریکردن لەدروستبونی زیانی زیاتر ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان بەلایەنە پەیوەندیدارەکان وبەتایبەت بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان کرد، دەستبەجێ گەیشتنە سەر گۆمەکە و ئەوەندەی پێیان کرابێت کاریان تێداکردووە.

لای خۆشیەوە موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان، ئەوەی خستەڕوو:"  گۆمەکە لە خوارەوە 57 مەتر پانە و لەلایەکەوە زیانی بەر کەوتووە،

وتیشی:" بەداخەوە  هۆکاری ئەو زیانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جوتیارانی ناوچەکەی پێشوتر ئەو  ڕێڕەوەیان داخستووە کە ئاوی زیادەی گۆمەکەی لێوە دەردەچێت،

موئەیەد ئەحمەد، ەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان، ئاشکرای کرد:" جسمی گۆمەکە بەگشتی زیانی بەرنەکەوتووە، تەنها لە لایەکەوە بەردەکان هاتوونەتە خوارەوە و زیانی مادیی زۆری پێ گەیاندووە و  چاوڕێ دەکەین ئەم شەپۆلە باران بارینە  کۆتای پێ بێت و دواتر دەست دەکەین بە چاکردنەوەی گۆمەکە.