سودانی: ژینگەیەكی لەبار و جێگیر لەبەردەم كاری كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان لە عێراق هەیە

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق وزە نەوت


May 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، عێراق ژمارەیەكی گەورەیە لە هاوكێشەی وزەی جیهانیدا و بەدەیان كۆمپانیای جیهانی بەناوبانگ، دەیانەوێت كێبڕكێ بكەن بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی عێراق و گوتیشی، "ژینگەیەكی لەبار و جێگیر لەبەردەم كاری كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان لە عێراق هەیە".

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، بەرنامە حكومییەكەمان سیاسەتێكی نوێ بۆ بەرپاكردنی شۆڕشی نەوتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی وزە رەوشێكی نوێ بۆ عێراق دادەمەزرێنین.

باسی لەوەشكرد، ئامانجێكمان دانا بۆ گۆڕینی 40%ـی بەرهەمی نەوت بۆ پیشەسازییەكانی بەرهەمهێنان، سوتانی غاز لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی دیكە كۆتایی دێت، بۆ شۆڕشی نەوتیی عێراق پشتگیری و پشتیوانی پێشكەش دەكەین، لەكەرتی باج و گومرگدا دەستمانكردووە بە چاكسازییەكی راستەقینە، رێگەی گەشەپێدان لە ئێستادا گەورەترین پرۆژەی عێراقە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق ژمارەیەكی گەورەیە لە هاوكێشەی وزەی جیهانیدا و ژینگەیەكی لەبار و جێگیر لەبەردەم كاری كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان لە عێراق هەیە، بەدەیان كۆمپانیای جیهانیی بەناوبانگ دەیانەوێت كێبڕكێ بكەن بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی عێراق.