محەمەد حاجی مەحمود: هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەخرێت / پرسی مووچە چارەسەر نابێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان مووچە محەمەد حاجی مەحمود


May 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆکی پارتی سۆسیاس دیموکراتی کوردستان پێیوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت و بەغداش دەیەوێت پرسی بودجە و مووچە وەک کارتی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنیت.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، خەڵک دڵی خۆش بوو کە بەغدا بە ناردنی ئەو دوو مووچەیە(ی مانگی ڕابردوو) بەزەیی هاتووەتەوە بە خەڵکی کوردستاندا، بەڵام ڕاستییەکەی ڕێخۆشکردن بوو بۆ سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، چونکە پێشتر دوو جار داوای سەردان و بینینی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای کردبوو، بەڵام ڕەتکرابووەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، دوای گەشتەکەی سودانی بۆ ئەمریکا، ئەو پارەیە بۆ هەرێم ڕادەگرن، ئەوەتا ئێستاش سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی هەر یەکە و کۆمەڵێک مەرجیان بۆ ناردنی مووچە داناوە.
ڕاشیگەیاند، دابەشکردنی مووچە و کردنەوەی هەژمار کارێکی ئاسان نییە و چەند ساڵێکی دەوێت، بەغداش پارەی هەیە بەڵام ناینێرێت و ئەوە بابەتە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت.
محەمەد حاجی مەحمود، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش پێیوابوو کە هەڵبژاردن نزیکەی سێ مانگ دوادەخرێت، یان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

هاوکات ڕەخنەشی لە پارتی و یەکێتی گرت بەوەی کە لە کێشەی جوتیارانی کورد و عەرەبی هاوردەدا، بەدەنگ کوردانی کەرکووکەوە نەچوون و ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەو دوو حزبە ڕێگری لێنەکەن ئامادەیە بە هێزەوە بچێتە پەڵکانە و دەوروبەری و عەرەبی هاوردە “تەمبێ” بکات.