لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، نرخی دورێنەکردنی دانەوێڵە دیاری دەکرێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان دانەوێڵە


May 17, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەمەستی دیاریکردنی نرخی دورێنەکردنی دانەوێڵەی ئەمساڵ و بە ئامادبونی هەریەکە لە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قائیمقامی قەزای کەلار و قائیمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری هەریەکە لە ناحێیەکانی مەیدان و قۆرەتوو هەروەها لێپرسراوی هەریەکە لە کشتوکاڵی گەرمیان و 
 لقی جوتیارانی گەرمیان و لێپرسراوی ناوخۆی ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری چاودێری بازرگانی، کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.
 
جەلال ئەحمەد محەمەد، لێپرسراوی لقی جوتیارانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" لەوکۆبونەوەیەدا بڕیارماندا لەسەر دیاریکردنی نرخی دورێنەکردنی دانەوێڵە بۆ ئەمساڵ.
 
وتیشی:"  زۆرێک لە جوتیاران پێیان ڕاگەیاندوین کە خاوەن دەڕاسەکان لە بەرامبەر هەرکاتژمێرێکدا داوایی بڕی 70 هەزاریان لە جوتیاران کردووە، بەڵام ئێمە ئەو نرخەمان کەمکردۆتە بۆ 50 هەزار دینار بۆ ئەو شوێنانەی کە نزیکن لە شارەکانەوە و هەروەها 55 هەزاردینار بۆ دەڕاسەی کا کوت،  بۆ شوێنە دوردەستەکان،   هەروەها نرخی کەپسەی بچوک 30 هەزار دینار و کەپسەی گەورەش بڕی 35 هەزاریان بۆ دیاریکراوە.
 
لێپرسراوی لقی جوتیارانی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو:" ساڵانی ڕابردووش بەهەمانشێوە نرخی دورێنەمان دیاریکردووە، بەڵام خاوەن دەڕاسەکان پابەندی بڕیارەکان نەدەبون، بۆیە بۆئەمساڵ داوا لە هەموجوتیاران دەکەین کە ئەگەر لەو نرخەی کە دیاریکراوە زیاتر داواکرا ئەوا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانەوە بکەن.
 
جەلال ئەحمەد، لێپرسراوی لقی جوتیارانی گەرمیان،ئاشکرایشیکرد:"  داوا لە خاوەن دەڕاسەکان دەکەین کە پابەندی ئەو بڕیاریارانەبن کە بۆ دیاریکردنی نرخ داومانە، هەر خاوەن دەڕاسەیەکیش پابەندن نەبێت، ئەوا بەدڵنییاییەوە سزا دەدرێت