عادل باخەوان: جۆرێک لەڕێککەوتن لەئارادایە بۆ ئەوەی 15ی سێپتەمبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان هەڵبژاردن عادڵ باخەوان


May 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - د. عادل باخەوان، وادەی نوێی بەڕێوەچونی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر هیچ ڕوداوێك نه‌یه‌ته‌ پێش، له‌ناوه‌ڕاستى مانگى نۆ پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
 
د. عادل باخەوان سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فه‌یسبوك ڕایگەیاند، "جۆرێک لەڕێککەوتن لەئارادایە بۆ ئەوەی 15ی مانگی سێپتەمبەر (نۆ)، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت؛ بەمەرجێک ڕوداوێک نەیەتە پێشەوە کۆی پرۆسەکە تێکبدات".
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سەرۆکی هەرێم ڕۆژی 10ى 6ى ئه‌مساڵى بۆ هه‌ڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریكردبوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان‌و پێکهاتەکان، بڕیاریاندا بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمان‌و دەستێوەردانی دەرەکی‌و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە بەشداریی پرۆسەکە نەکەن.
 
ڕۆژی 22ى 2ى 2024 دادگاى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانى لەپەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوەو بەنادەستوریی ناساندن، 11 کورسییەکە بەمشێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان‌و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.
 
هاوكات بڕیاروایه‌ سبەینێ یەکشەممە، 19ى 5ى 2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی‌و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.