دڵشاد عومەر: رێکارەکانى رێگریکردن لە قۆپیەکردن توندوتۆڵن و هێزە ئەمنییەکان هەماهەنگن

(0) / / كوردستان / ڕوانگە قۆپی پەروەردە کوردستان


May 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سبەینێ تاقیکردنەوەكانی کۆتایی وەرزى دوەمى پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەکەن، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتی پەروەردەى سلێمانی جەخت دەکاتەوە كە هەر قوتابییەک لە تاقیکردنەوەکاندا بە قۆپیەوە بگیرێت دو ساڵ رێگەى پێنادرێت بەشدارى لە تاقیکردنەوەکاندا بکات و ئەگەر مامۆستاش لەو کارەوە بگلێت فەسڵ دەکرێت.
 
 دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتی پەروەردەى سلێمانى بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند؛ دو باند کە کارى بازرگانیکردنیان بە ئامێرەکانى قۆپیەکردنەوە کردوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، وتیشى: رێکارەکانى رێگریکردن لە قۆپیەکردن توندوتۆڵن و هێزە ئەمنییەکان هەماهەنگن.
 
لەبارەى غەشکردنى قوتابیانەوە لە تاقیکردنەوەکان، دڵشاد عومەر جەختى کردەوە کە سزاى توند هەیە و گەر قوتابى بە غەشکردنەوە بگیرێت دو ساڵ رێگەى پێنادرێت بەشدارى تاقیکردنەوەکان بکات و گەر مامۆستاش لەو کارەوە بگلێت فەسڵ دەکرێت.
 
لەبارەى راگەیاندنى ئەنجامەکانى پۆلى نۆیەمى بنەڕەتى و ئاستى شارى سلێمانى بەڕێوەبەرى گشتی پەروەردەى سلێمانى وتى: لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان شارى سلێمانى لە پلەى دوەمدایە و لە کۆى حەوت قوتابى کە کۆنمرەیان 100 بوە سیانیان لە شارى سلێمانى و دانەیەکیان لە ئیدارەى راپەڕین بوە.
 
وتیشى: ئاستى دەرچون ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى رابردو بەرزتر بوەتەوە و گەیشتوەتە %59.18 ئەمەش سەربارى قەیرانە زۆرەکانى کەرتى پەروەدەى گرتەوە.
 
ئەوەشى خستەڕو، تاقیکردنەوەى پۆلە ناکۆتاکان لە 19/5 دەستپێدەکات و لە 30/5 کۆتایی دێت، تاقیکردنەوەى پۆلى 12ـى ئامادەییش لە 23/6 دەستپێدەکات و لە 25/7 کۆتایی دێت.