تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان بووەتە ناوەندێک بۆ سپیکردنەوەی پارە و سپۆنسەری تیرۆریزمی داعش

(0) / ڕوانگە تورکیا داعش ڕۆبین


May 19, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - ئینستیتیوتی ئینتەرپڕایزی ئەمریکی، دوێنێ شەممە راپۆرتێکی مایکڵ رۆبن، نووسەر و ئەکادیمی ئەمریکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە تورکیا بۆتە کێشە لە مامەڵە دیپلۆماسییەکاندا، بەشێوەیەک دوای دوو دەیە لە دەسەڵاتی ئەردۆغان، تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بووەتە ناوەندێک بۆ سپیکردنەوەی پارە، سپۆنسەری تیرۆریزمی داعش و پەڵەیەکی ڕەش بۆ مافەکانی مرۆڤ.
 
لەراپۆرتەکەدا هاتووە: "تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان بۆتە خراپترین زیندان لە جیهاندا بۆ ڕۆژنامەنووسان. کراس قاوەییەکانی سەر بە ئەردۆغان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە، نەک تەنها لە ئەنقەرە، بەڵکو لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکاش، ئەردۆغان ناتۆی بێزار کرد و بەهۆی خۆپەرستیی و چڵێسییەوە هاوپەیمانییەکەی خستە مەترسییەوە .
 
هەروەک دەڵێت: سپۆنسەری تورکیا بۆ تیرۆر بابەتێکی کێشەدارە لە مامەڵە دیپلۆماسییەکاندا، هەرچەندە ڕەنگە ئەردۆغان گلەیی لە هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سوریادا بکات، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە تەنها لەبەرئەوە دروستبووە کە تورکیا هاوکاریی و پاڵپشتیی پێشکەشی داعش دەکرد  و سەرکردەکانی داڵدەدەدان  بوو بە قەڵایەکی بەهێز بۆ ئەو سەرکردانەی کە لە خاکی تورکیادا خۆیان حەشارداوە”.
 
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “ئەگەر ئەردۆغان سپۆنسەری تیرۆر بکات و ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرانبەر بە هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سوریا، بۆچی ئەمریکا لەبەرانبەر زیادەڕەوییە دیبلۆماسیی و سیاسییەکانی تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە پارتێکی شەرعی ڕاناگەیەنێت، تەنانەت ئەمریکا دەتوانێت لەوە زیاتریش بڕوات بە دابینکردنی چاودێری پزیشکیی بێبەرانبەر بۆ ئەندامانی پەکەکە و لایەنە کورییەکانی تر کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و جەنگییەکانی تورکیاوە دەپێکرێن".
 
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "کاتی ئەوە هاتووە کە بەشێوەیەکی ڕیشەیی بیر لە دیپلۆماسیەتی ئەمریکا بەرانبەر بە تورکیا بکرێتەوە. بەشێوەیەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە دیکتاتۆرانەی وەک تورکیا، هەڵوێستێکی دیپلۆماسیی دوژمنکارانەتر لەبری نەرمیی نواندن و پاڕانەوە بەرهەمی دەبێت".