سەرۆك کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی عوممان دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق عوممان د.لەتیف جەمال رەشید


May 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز حامد بن ئەحمەد عیدرۆس باڵیۆزی سوڵتاننشینی عوممان لە عێراق، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 21-5-2024 لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە بەشێوەیەك کە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو گەلی برا بەهێزتربکات، هەروەها ستایشی رۆڵی سوڵتاننشینی عوممانی کرد لە پشتیوانیکردنی پرسەکانی ئاسایشی هەرێمی و پتەوکردنی سەقامگیری نێوان وڵاتانی ناوچەکە.
هاوکات سەرۆك کۆمار باڵیۆزی راسپارد بە گەیاندنی رێز و سڵاو بۆ بەڕێز خاوەنشکۆ هەیسەم بن تاریق سوڵتانی عوممان و بەڕێز شازادەی جێنشین زی یەزن بن هەیسەم بن تاریق و هیوای تەندروستی باشی بۆ خواستن، هەروەك ئومێدی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری بۆ گەلی عوممان دەربڕی.
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار ستایشی هەوڵەکانی باڵیۆزی کرد لە ماوەی کارکردنی لە عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی عوممان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گرنگیدان و پاڵپشتی سەرۆك کۆمار بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و عوممان دەربڕی و هیوای پێشکەوتن و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی عێراق خواست.