داواکەی سودانی لە یونامی / بورهان شێخ ڕەئوف

(0) / / وتار / ڕوانگە سودانی بورهان شێخ ڕەئوف


May 22, 2024

قەبارەی فۆنت:
ئەگەر ئاوڕێكی خێرا بۆ دواوە بدەینەوە بیرمان دەكەوێتەوە هەر لە دوای وەستانی جەنگی هەشت ساڵەی عیراق - ئێرانەوە لە 8/8/1988، هیێزەكانی ئاشتی پارێز  یان كڵاوشینەكان لە سنوورەكانی عیراق و ئیێران  دەبینران بۆ چاودێریی  ئاگربەست, دواتریش كە بڕیاری 986 لە ساڵی 1995 لە ئەنجومەنی ئاسایشی تایبەت بە پرۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراك دەرچوو كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش تا ساڵی 2003  کاریان دەکرد لە چوارچێوەی رێکخراوە فەرعییەکانییەوە بۆ جێبەجیێكردنی ئەو بڕیارە و بە تایبەتی ئەوکاتە بۆ هەرێمی كوردستان سوودی زۆری هەبوو لە بواری بوژانەوەی هاووڵاتیان و بنیاتنانەوەی بەشێک لە ژێرخانی هەرێم کە پێشتر لەژێر دوو ئابڵۆقەی عیراق و نێودەوڵەتیدا پەرێشان بوو. .
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقیشەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوازێكی تر  گەڕایەوە بۆ عیراق و لە سایەی دۆخی ناسەقامگیری ئەمنیی ئەو رۆژگارەوە، بارەگای نوێنەرایەتیی رێکخراوەکە لە خۆرهەڵاتی بەغدا کەوتە بەر پەلاماری تیرۆریستان و  بەشێک لە ئەندامانی تیمەکە و  سیر جیو مبرا دی میلا )ی بەرپرسی نوێنەرایەتییەکە  بوونە قوربانی .
لەو كاتەوە تا ئێستا یونامی لە عیراقدان و هەمیشە هاوكار بوون لە بنیاتنانی عیراقی نوێدا ، بەڵام مایەی سەرنج بوو کە هەفتەی رابردوو محەمەد شیاع  سودانی داوای كرد تا كۆتایی ساڵی 2025 كۆتایی بە ئەرکەکانی یونامی بهێنرێت، بەڵام هاوكاریی و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە و رێكخراوەكانی تری سەربە UN درێژە پێدەدەن.
 
هەندێك لە ئاگایان و شرۆڤەکارانی سیاسی هۆكاری ئەم داوایە بۆ ئەوە دەگڕرێننەوە كە ڕاپۆرتەكانی یۆنامی بە خواست و ئارەزووی  هەندێک گروپی سیاسی نەبووە و پێی بێزاربوون، لە كاتێكدا خاتوو جینین بلاسخارت و لێپرسراوانی تری یونامی بەردەوام لە كۆبوونەوە و پەیوەندیدا بوون  لەگەڵ كاربەدەستانی عیراق  و هێزە سیاسیەكانی تر  لە هەموو پێكهاتەكان بۆ بەرگرتن بە ئاڵۆزی و توندوتیژی و نزیككردنەوەی دیدو بۆچوونەكان لەكاتی سەرهەڵدانی ناكۆكی و ململانێكاندا .
ئەگەرچی داخوازیی حكومەتی عێراق و شیعەكان بە تایبەتی هەر بە كۆتایی هاتنی كاری یونامی هەموو نێردە نێوەدەوڵەتییەكانی ترەوە  نەوەستاوە ، بەڵكو چەندین جار داوای كۆتایی هاتنی كارو چالاكیەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشیان  كردووە كە ساڵی 2014 پێكهێنرا بە سەركردایەتی ئەمریكا بۆ بەگژاچوونەوەی داعش، یارمەتی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەشیان دا بۆ سەركەوتن بەسەر داعشدا ، ئەوەش بە پاساوی سەقامگیری عێراق  نەمانی هیچ مەترسییەك لەسەر ئاسایشی وڵات .
لە كۆتاییدا ئەوەی مایەی نیگەرانییە لە لایەن كورد و هەندێك پێكهاتەی ترەوە ئەوەیە كە هێشتا دۆخی عیراق كە لەسەرەتای دیموكراتیزەكردندایە، پێویستی بە چاودێری یونامی و نێردە نێودەوڵەتیەكانی ترە، ئەویش لە بەرئەوەی هێشتا زۆر تاقم و هێزی چەكدار لە وڵاتدا هەن و مەترسی جدیین بۆ سەر پرۆسەی سیاسی، بۆیە  بوونی  یونامی تا ئێستاش بە پێویست دەزانن بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ و هەڵبژاردنەكان و گوشار بۆ رێگریی بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین.