هاوپەیمانان لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە هۆشداری دەدەنە حکومەتی هەرێم

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە کوردستان پێشمەرگە


May 25, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - تا ئێستا 21 لیوا لە هێزەکانی 70 و 80 ی سەربە یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکخراونەتەوە، کە دەکاتە یەک لەسەر چواری کۆی ئەو دوو هێزەی سەربە یەکێتی و پارتین.

ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ راپۆرتێكدا له‌زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكرده‌وه‌: هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشداریان داوە لە ڕێکنەخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 ی سەربە یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەوەی گەر یەکنەخرێنەوە پاڵپشتییەکانیان ڕادەگرن.

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت،"هاوپەیمان دەڵێن هێزی 70 و 80 حزبین و ئەوان پاڵپشتی هێزی حزبی ناکەن، دەبێت ئەو هێزانە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو ڕێکبخرێنەوە."

جگه‌ له‌و سه‌رچاوه‌یه‌، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەش بە دەنگی ئەمریکای وتوه‌،"هاوپەیمانان بەردەوام داوای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، هۆشداریش دەدەن لە ڕاگرتنی پاڵپشتییەکان گەر یەکنەخرێن."

به‌وته‌ی جه‌بار یاوه‌ر،"تا ئێستا 100 هەزار پێشمەرگەی 70 و 80 ماون یەکبخرێنەوە و 50 بۆ 60 هەزار پێشمەرگەش یەکخراونەتەوە کە هێزە یەکخراوەکان دەکاتە یەک لەسەر چواری هێزە یەکنەخراوەکان."
له‌ راپۆرته‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكادا هاتووه‌ كه‌ پێشتر ئەمریکا مانگانە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ موچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە پارەیەی کەمکردووەتەوە، ئەمە جگە لە مەشق و ڕاهێنان و بەردەوامی پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ ئەو لیوا هاوبەشانە.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێدایه‌ كه‌ لەساڵی 2018 هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەیەکی 36 خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەش کرایە مەرج بۆ پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەو وەزارەتە.

ڕۆژی 21ی حوزه‌یرانی 2023، شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەشاری هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و هەندێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەدا کۆبوه‌ەوەو دواتریش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆبوویەوەو لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گفتووگۆیانکرد.

له‌ ته‌مموزی 2023ش جەنەڕاڵ مەتیۆ مارکفارلن فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو هەردوولایان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست بەڕێوەناچێت، بەڵام جەختیان لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان کرده‌وە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.