هاوبەشانی کارەبا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 60 ملیار دینار پارەی کارەبا قەرزارن

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هاوبەش کارەبا


May 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ هاوڵاتیانی گەرمیان زیاتر لە 60 ملیار دینار پارەی کارەبا قەرزارن و  لێپرسراوی  ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیانیش، ڕایدەگەیەنێت: قەیرانی داریی و بارگرانی ئابوری خەڵک هۆکارێکی کاریگەربووە بۆ کەڵەکەبونی قەرزی کارەبا لای هاوڵاتیان.

ئالان ئەرکان محەمەد، لێپرسراوی  ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"کۆی گشتی ئەو قەرزەی کە لای هاوبەشانی کارەبایە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، 63 ملیار و 49 ملیۆن دینارە.

وتیشی:"قەیرانی دارایی و پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆران هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ کەڵەکەبونی ئەو قەرزە لەسەر هاوڵاتیان.

لێپرسراوی  ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، ڕونیشیکردەوە:" ئەگەرچی لە ئێستادا حکومەت داشکاندنی بەڕێژەی 20% ی بۆ هاوبەشانی کارەبا کردووە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، بەڵام ئەم داشکاندنە کاریگەریەکەی تەنها بەڕێژەی 30% بووە، ئەمەش وادەکات کە بڵێین، هاوڵاتیان چاوەڕێ دەکەن  لەو پارە پاشەکەوتکراوەی کەلای حکومەتە قەرزەکان لە هاوڵاتیان وەربگرێتەوە یاخود بڕیارێکی لێخۆشبونیان بۆ دەربکات.

ئالان ئەرکان محەمەد،لێپرسراوی  ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، باسی لەوەشکرد:" داشکاندنی بەڕێژەی 20%  دەرفەتێکی باشە بۆ هاوبەشانی کارەبا کە بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە و هەروەها حکومەت پێچەوانەی جارەکانی پێشو ئەمجارە کاتی دیارینەکردووە بۆ کۆتای هێنان بە بڕیاری داشکاندنی وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا،چونکە لە پێشوتردا تەنها چەندمانگێکی دیاریدەکرد.