سەرۆك کۆمار پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیەوە

(0) / / عێراق / ڕوانگە عیراق


May 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
روانگه ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان-سەرۆکی نێردەی یونامی لە عێراق کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیەوە سەردانی کردبو.
لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 26-5-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار هەوڵەکانی خاتوو پلاسخارت و نەتەوە یەکگرتووەکانی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا لە عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پڕۆژەکانی پشتیوانیکردنی ژنان و منداڵان، هەروەها جەختی لە هاوئاهەنگی بەردەوامی عێراق لەگەڵ نێردەی یونامی کردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان لەبواری ژینگە و کەشوهەوا و تەندروستی و فێرکردندا، بەشێوەیەک کە ژیانێکی شایستە بۆ هەموو عێراقییەکان مسۆگەربکات، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی داهاتویدا.
سەرۆك کۆمار گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دوپاتکردەوە و ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی کاری رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا کرد، بەشێوەیەك کە ببێتەمایەی پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ.
هەروەها بەڕێزیان، ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق و گەشەکردنی بەرەو باشتر کرد ئەویش دوای سەرکەوتن بەسەر تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، رونیشیکردەوە، باشترکردنی خزمەتگوزاری و بژێوی هاووڵاتیان و برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، لە پێشینەی کارنامەی حکومەتدایە.
لەلای خۆیەوە، خاتوو پلاسخارت جەختی لە پەرۆشیی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی هەموو هەوڵەکان بەئامانجی روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان و برەودان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی لەپای پشتیوانیکردنی لە ماوەی کارکردنی لە عێراقدا.