لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا لە گەرمیان، هەڵمەتێکی خوێن بەخشین بەڕێوە چوو

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هاتوچۆ گەرمیان


May 30, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، لە گەرمیان هەڵمەتێکی خوێن بەخشین بەڕێوە چوو، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتییش ڕایدەگەیەنێت:"
دەبێت بۆنەو یادی یەکێتی لە ڕێوڕەسمی تەقلیدییەوە بگوازینەوە بۆ ڕێوشوێنێک کە دەمانەستێتەوە بە خەڵک و بە چالاکییەکەوە کە سود بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت.

سالار مەحمود، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"
لەگەرمیاندا بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشی تالاسیما بەگشتی هەیە و ئەمە جگە لە زۆربونی ڕوداوەکان کە نەخۆشخانەکان بەبەردەوامی پێویستیان بەخوێنە، بۆیە ئێمە وەک بەرپرسان و ئەندامانی مەڵبەند بۆنەو یادی یەکێتیمان بە دەرفەتزانی بۆئەوەی لە ڕوی بەخشینی خوێنەوە هاوکار و یارمەتیدەری نەخۆشخانەکانی گەرمیان بین،

وتیشی:" ئێمە دەمانەوێت ئەم جۆرە هەڵمەتانە ببێت بە نەریتێک بۆ  بابەتی بەخشین، و بنەما و هاندان بۆ بەخشین،بەهەرشێوازێک بێت لە شێوازەکان،

سالار مەحمود، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی، ڕونیشیکردەوە:" دەبێت بۆنەو یادی یەکێتی لە ڕێوڕەسمی تەقلیدییەوە بگوازینەوە بۆ ڕێوشوێنێک کە دەمانەستێتەوە بە خەڵک و بە چالاکییەکەوە کە سود بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، هەر لەو ڕوانگەیەوەبو کە هانی هەڤاڵەکانماندا بۆئەوەی خوێن ببەخشن و ئەمە ببێت بە نەریتێکی ساڵانە کە لەیادی یەکێتیدا هەڵمەتی خونبەخشین بەڕێوەبچێت.

لای خۆشییەوە، نەقیبی هاتووچۆ، بێستون کەریم  ساڵەح،  بۆ ڕوانگە ڕونیکردەوە:"  هەڵمەتی خوێن بەخشین هەڵمەتێکی گرنگ و پێویستە، چونکە هەندێکجار ژیان و مردنی مرۆڤ بەندە بە خوێنەوە و ڕۆژانە دەبینین لەگەرمیاندا چەندەها ڕووداوی جیاواز  ڕودەدات کە لەزۆربەی ڕووداوەکاندا بریندارەکان پێویستیان بە خوێنە، بۆیە من وەک خۆم لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا خۆم بەخۆشحاڵ زانی کە یەکێک بوم لەوکەسانەی کە بەشداریم لە هەڵمەتەکەدا کردووە.

وتیشی:" ئێمە وەک ئەفسەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان، لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا بەشداریمان لەو هەڵمەتەدا کردووە و داواکارین لە هاوڵاتیان لەهەرکاتێکدا کە دەتوانن خوێن ببەخشن.

نەقیبی هاتووچۆ، بێستون کەریم  ساڵەح، باسی لەوەشکرد:" سەرەڕای ئەوەی کە ماڵم لە گوندە، بەڵام هەرکات پێویستی کردبێت ئامادەبوم خوێن ببەخشم.چونکە من خاوەنی دوو برای شەهید و دوو برایشم ئەنفالە، لە ڕابردودا خوێنمان بەخشیوە بە کوردستان و ئێستا خۆیشم خوێن دەبەخشم بە هاوڵاتیانی کوردستان و ناوچەکە بەتایبەتی.

لەو هەڵمەتەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی  ئامادەی خوێن بەخشین بون.

جەلیل ئەحمەد عەبدول محەمەد، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی کەلار، ڕونیکردەوە:" لەو هەڵمەتەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و لایەنگرانی یەکێتی ئامادەی خوێن بەخشین بوون، بەڵام تەنها توانیمان خوێن لە 60 کەس وەربگرین

ڕایشی گەیاند:" بەڕێوەچونی ئەم هەڵمەتە لەم کاتەدا  سودێکی زۆری هەبو، چونکە نەخۆشخانەکانی سنورەکە پێویستی زۆری بەخوێن هەبوو.

جەلیل ئەحمەد عەبدول محەمەد، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی کەلار، ئاشکرایشیکرد:" ئێمە ڕۆژانە پێویستیمان بەخوێنە و بۆیە پەیامان بۆ هەمو ئەوهاوڵاتیانەی کە دەتوانن خوێن ببەخشن ئەوەیە کە سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و خوێنی خۆیان ببەخشن، چونکە بەخشینی خوێن هەم سودی بۆ خۆیان هەیە هەمیش سود بە نەخۆشەکان دەگەیەنێت.