سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەفدێکی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد

(0) / / عێراق / ڕوانگه کوردستان


May 31, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە دیدارەکەدا، کە پێنجشەممە 30-5-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، پێشهاتە گشتییەکانی وڵات تاووتوێ کرا و سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی کارکردنی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش لە وڵات و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان.
هەروەها ئاماژەی بە باشبونی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دوپاتیکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
سەرۆك کۆمار جەختی کردەوە لە گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی فراکسیۆنەکان لە پەسەندکردنی پرۆژەیاساکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان. هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆکایەتی کۆمار چەندین پرۆژەیاسای پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردوە بۆئەوەی پەسندیان بکات لەوانە پرۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای پاڵپشتی ژنان، پرۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، پرۆژەیاسای خەڵاتی عێراق بۆ داهێنان، پرۆژەیاسای ئیفرازکردنی زەوی نیشتەجێبون، پرۆژەیاسای ئەنجومەنی ئیتیحاد، پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی داهاتەکانی گەندەڵی، سەرەڕای چەندین پرۆژەیاسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرۆکایەتی کۆمار چەندین سکاڵای لە کەسوکاری گیراوانەوە پێگەیشتوە بۆ ئازادکردنی رۆڵەکانیان، هەربۆیە سەرۆکایەتی کۆمار وەك رۆڵبینینی خۆی لیژنەیەكی بە بەشداری ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی پێکهێنا و کاری جدی کرد لەسەر بەدواداچون بۆ دۆسێی زیندانیکراوان و سزادراوان و راگیراوان و تا ئێستا نزیکەی 12 هەزار لەوانە ئازادکراون، کە ماوەی سزاکانیان تەواوبوە یان راگیرابون بەبێ ئەوەی لەلایەن دادگاوە هیچ تۆمەتێکیان ئاراستەکرابێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە دۆسێی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵات و داوای عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەی کرا.
لە بەرامبەردا وەفدی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵەکانی سەرۆك کۆماریان بەرزنرخاند لە بەدواداچون بۆ کاروبار و ژیانی هاووڵاتیان و پاڵپشتیکردنی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و باشترکردنی رەوشی ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.