سوپای تورکیا بە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە بەرەو ئامێدى بەرێکەوت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە سوپای تورک هەرێم


Jun 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ تورکیا دەستى بە فراوانکردنى هێرشە داگیرکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان کردوە و بە گوێرەى زانیارییەکانیش  شەوى ڕابردوو بەهاوکارى دەسەڵاتدارانى سنورەکە کاروانێكی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە لە سنووری ناوچەی بەرواری باڵاوە ڕەوانەی سنووری شارۆچکەی ئامێدی کران.
لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا ئەوە دووەم کاروانى هێزەکانى تورکیایە کە بەهاوکارى هێزەکانى پارتى بە چەکى قورس و زرێپۆشەوە بچنە سنورى ئامێدى و مەترسى و دڵەرااوکێیەکى زۆریش لەلاى دانیشتوانى ئەو سنورە دروستبووە و مەترسى شەڕ لەئارادایە.
بەپێی ئەو دیمەنانەی کە بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت درەنگانی شەوى ڕابردوو، کاروانێكی سوپای داگیرکەری تورک، بە چەکی قورس و زرێپۆشەوە لە بەرواری باڵاوە ڕەوانەی سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کراون.
ئەو کاروانەش بە ئاشکرا بەناو شار و شارۆچکەکانی سنووری دهۆکدا تێدەپەڕن و هیچ یەک لە حکومەتی ناوەند و ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشییەی دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکیان نییە و ڕۆژانە بینەری بۆردوومانکردنی خاکی باشووری کوردستانن.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە شەو 22 لەسەر 23ى ئەم مانگەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چەند گرتەیەکى ڤیدیۆى بڵاوبۆتەوە و تیایدا دەرکەوتووە، تورکیا کاروانێكی زەبەلاحی سوپای ناردووەتە سنوری کانی ماسی و بە بەرچاوى دەسەڵاتدارانى ئەو سنورە بە ئاشکرا تەراتێن دەکەن.