تورکیا بە پشت بەستن بە بڕیارێکى پەرلەمانى وڵاتەکەى هێرشدەکاتە سەر خاکى هەرێم

(0) / / كوردستان / ڕوانگه کوردستان تورکیا


Jun 30, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ جەبار یاوەر ڕایگەیاند 24 کاتژمێر فڕۆکەى تورکیا بە ئاسمانى عێراق و هەرێمەوەیە و لە دوو ساڵدا زیاتر لە 700 پرۆسەى سەربازى لە خاکى عێراق و هەرێم ئەنجامداوە، بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکى هەرێمەوە و عێراقیش ئاگادارى ئەم وردەکارییانەیە.

جەبار یاوەر، ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، تورکیا بە پشت بەستن بە بڕیارێکى پەرلەمانى وڵاتەکەى هێرشدەکاتە سەر خاکى هەرێم و هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیادا نییە بۆ هاتنى هێز بۆناو خاکى هەرێم و ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن لەخاکى هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد،  تورکیا نزیکەى 80 سەربازگە و بنکەى لە خاکى عێراق لە هەرێمى کوردستان دروستکردووە، بە درێژى 200 کیلۆمەتر و بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکى هەرێمەوە و عێراقیش ئاگادارى ئەم وردەکارییانەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، فڕۆکەى جەنگى و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا 24 کاتژمێر بەسەر ئاسمانى هەرێمى کوردستان و عێراقەوەن، هەموو دامودەزگاکانى عێراق بە سەرۆک وەزیرانیشەوە دەزانن ئەمە هەیە و ئەم بێ دەنگییەش ماناى ڕەزامەندى عێراقە بە هێرشەکانى تورکیا لە خاکى عێراق.

وتیشی: لە شەش مانگى ڕابردوودا، تورکیا 198 پرۆسەى سەرباز زەمینى و ئاسمانى لە خاکى عێراق و هەرێمدا ئەنجامداوە، ساڵى ڕابردووش 540 پرۆسەى سەربازی ئەنجامداوە.
جێگەی ئاماژەیە، هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەرى تورک بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمى کوردستان بەردەوامە و  تورکیا جموجوڵە سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە نزیکەی سێ سەد تانک و زرێ پۆش و 1000سەربازی  هێناوەتە گوندەکانی سنووری پارێزگای دهۆک.