لە یەکەم دیبەیتی نێوان پزیشکیان و جەلیلی چی گوترا؟

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە کوردستان ئێران دیبەیت پزیشکیان جەلیلی


Jul 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ یەکەم دیبەیتی قۆناغی دووەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لەنێوان مەسعود پزشیکیان و سەعید جەلیلی بەڕێوەچوو.

پزشکیان لە دیبەیتەکەدا رایگەیاند، کار بۆ ئەوە  دەکەن 60%ـى ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان نەداوە بێنە سەر سندوقەکان و دەنگ بدەن، ئەگەر دەیانەوێت ئێران بەرەوپێش بڕوات دەبێت ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن.

گوتیشى، بە  گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کێشەکانمان لەگەڵ جیهاندا چارەسەر دەکەین، سیاسەتی دەرەوەی ئەو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا دەبێت، پابەندیش دەبێت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، سیاسەتی دەرەوە واتە ئارامیی دەروونی بۆ خەڵکی ئێران، پێویستە سیاسەتی دەرەوە بە مانای گەشەی ئابووری و ئاشتی بێت بۆ خەڵک، نەک ئەوەی خەڵک باجی سیاسەتی دەرەوە بدات.

هاوکات، سەعید جەلیلى گوتى، ئەوانەی دەنگیان نەداوە پێیان دەڵێن ئەم وڵاتە بۆ هەمووتانە و دەبێت ئێوە ببینرێن و گوێ لە داواکارییەکانتان بگیرێت.، دەکرێت بەو شێوازەی ئێستا کێشەکان چارەسەر بکرێن و بەرەوپێش بڕۆین، ئێران دەرفەتی زۆری بۆ گەشەی ئابووری لە بەردەستە و دەکرێت گەشەی ئابووریی ئێران بە 8% بگەیەنرێت.

دواتر پزشیکیان لە وەڵامی ئەو گوتەیەی جەلیلی رایگەیاند، ئامادەیە لە هەڵبژاردن بکشێتەوە بەو مەرجەی جەلیلی بتوانێت گەشەی ئابووریی ئێران بە 8% بگەیەنێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەو گەشە ئابوورییە بەدیبهێنێت، ئەوا پێویستە رێگا بدات لەسێدارەی بدەن، تەنانەت عێراق و چین ئامادەنین پارەکانی ئێران بدەنەوە.

لاى خۆشیەوە جەلیلى باسى لەوەکرد، ئەوەی ئەو باسی دەکات کۆکراوەی بۆچوونی سەدان و هەزاران کەسی پسپۆڕە، کۆی 140 گەشتە بۆ ناوچە جیاجیاکانی جیهان و پێویستیشە هەموو باڵیۆزخانەکانی ئێران ببنە سەکۆی هەناردەکردن و پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ دراوسێکان بکرێنە پێشینەی کارەکان.

جەلیلی لە بەردەوامیی گوتەکانیدا پزیشیکیانی بەوە تۆمەتبارکرد، بە باشی لە بابەتەکان تێناگات و هێنانە پێشەوەی بابەتەکانی ئەهلی سوننەت و کەمایەتی و پێکهاتەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کارێکی دروست نییە.

پزیشکیان ئەوەی راگەیاند، ئەگەر خەڵک بۆ پشتیوانی لە حکومەت بڕواتە سەر شەقامەکان ئاساییە، بەڵام ئەگەر بۆ ناڕەزایەتی بڕواتە سەر شەقامەکان مافی ناڕەزایەتی نییە و گوتی، "دەکرێت بە کوفر وڵات بەڕێوەببرێت، بەڵام بە زوڵمکردن وڵات بەڕێوەنابرێت، کاغەز نووسین زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەوەی دەینووسیت جێبەجێیبکەیت".

جەلیلیان باسی رایگەیاند، پێویستە لە دانوستانەکاندا لایەنی بەرامبەر قەرزدار بکەین، بەڵام پزشیکان بەو سیاسەت و بۆچوونانەی دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئێران.

پزیشیکیان و جەلیلی زۆر بابەتی جۆارجۆریان باسکرد، رەخنەیان لە یەکدی گرت و هێرشیانکردەسەر بەرنامە و بۆچوونی یەکدی، بەڵام لە کۆتایی دیبەیتەکەدا یەکدییان لەئامێز گرت.

قۆناغی یەکەمی خولی 14یەمی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە 28ـى حوزەیران بەڕێوەچوو و هیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و هەڵبژاردنەکە چووە قۆناغی دووەمەوە و رۆژی هەینی 5ـی تەمموز هەڵبژاردنەکە لەنێوان مەسعود پزیشیکیان لە بەرەی ریفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی لە بەرەی نەریتخوازەکان بەڕێوەدەچێت.