شارەوانی زەڕایەن، زەوی پێویستی لە بەردەستدانییە بۆ ئەوەی بەسەر  فەرمانبەراندا دابەشی بکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە زەڕایەن بورهان حەمە ڕەشید حەمەسور زەوی


Jul 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، بورهان حەمە ڕەشید حەمەسور، سەرۆکی شارەوانی زەڕایەن، ڕایگەیاند:" 

وەک و سەرجەم فەرمانگەو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمبەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی، ئێمەش لە ئامادەکاریداین و ئێستا سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆرمی فەرمانبەرانین.

وتیشی:" لەسنوری شارەوانی زەڕایەن بەسەرجەم گوند و فەرمانگەو ناوەندەکانی سەربە ناحیەکەوە نزیکەی 800 فەرمانبەر بونیان هەیە کە زەوییانپێبدرێت.

بورهان حەمە ڕەشید حەمەسور،ڕونیشیکردەوە:" تائێستا زەوی پێویستمان لەبەردەستدانییە و لە هەوڵداین و ئێستا تەنها یەک پارچە زەوی دیاریکراومان هەیە بۆئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێت و لە هەوڵداین بەپێی ئەو پلانەی کە کومەت دایناوە لە بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانکردنەوە کە ئاراستەی ئێمەکراوە ئەگەر بکرێت سنوری شارەوانی فراوان بکەین و ئێستا لە قۆناغی دیراسەکردنداین بۆئەوەی سنوری شارەوانی فراوانبکەین و ئەو زەویانە دابەشبکەین.

سەرۆکی شارەوانی زەڕایەن،ئاشکرایشیکرد:" پێناچێت هەوڵەکانمان بۆ فراوانکردنی سنوری شارەوانی زەڕایەن سەربگرێت، لەبەرئەوەی شوێنی هەڵکەوتەی شارەوانی زەڕایەن تایبەتمەندی خۆی هەیە و بواری فراوانکردنی ئەستەمە بەچەد هۆکارێک لەوانە، هاوسنورین لەگەڵ قەزای شارەزوردا کە ئەمە بواری فراوانکردنی نییە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەروەها لە ڕۆژئاواشەوە دارستانێکی دەستکرد و گۆڕستانێک هەیە ڕێگرە لەبەردەم گەیاندنی خزمەتگوزاریەکان لە داهاتوودا هەروەها لە باشوریشەوە سێ گوند هەیە کە تائێستا وەک گوند مامەڵەیان لەگەڵدادەکرێت و تێکەڵی شارەوانی نەبون، لە باکوریشەوە موڵکی پوختی هاوڵاتین و کوژاندنەوەی ئەو موڵکانەش زۆر ئەستەمە و وەکو موڵکەکانی وەزارەتی دارایی نین کە حکومەت خۆی داوایی کوژاندنەوەیان بکات.

بورهان حەمە ڕەشید حەمەسور، سەرۆکی شارەوانی زەڕایەن ئاماژەی بەوەشدا:" ئێمە فەرمانبەران نائومێد ناکەین و هەموهەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەر سودمەندبێت ، بەڵام هەوڵەکان زەحمەتن و ڕێگریەکان زۆرن و فراوانکردنی سنوری شارەوانی زەڕایەن، هەروا بەئاسانی ناکرێت."