هەڵمەتی داگیرکاریی تورکیا یا کۆتایی ئاکەپە؟!/ سیروان حەسەن

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە کوردستان پەکەکە قەندیل ئەردۆغان


Jul 20, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە _ لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەرێمی باشووری کوردستان بەر فراوان بوونەتەوە. بەپێ ئەو زانیاریانەی کە لە هەرێمەکانی بادینان بە تایبەت زاخۆ و ئامێدی بڵاو دەبنەوە ئەرتەشی تورکیا رۆژانە هاتووچوو دەکات و بازگەی داناوە. زیاتر لە ٤٠٠ گووند لە هەرێمی حەفتانین، زاخۆ و ناوچەکانی بەرواری باڵا و رێکان و نێروێ و دۆسکی ژوور و نەهێلی کەوتوونەتە بن کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکیا و خەڵکی ئەو ناوچانەیان لەو هەرێمانە دەرخستوو. دەوڵەتی تورکیا تاکوو ئێستا بە قووڵایی ٣٥ کم و بە پانتایی ١٩٠کم هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستان.
وەکوو چاودێرانی سیاسی باسی دەکەن هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا زۆر جیاوزترە لەو هێرشانەی کە پێشتر دەیکردن. ئەمە تەنیا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی نیە کە بۆ ئامانجێکی دەنیشانکراوی کاتی هاتبێت. وەک جەبار یاوەر ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ راگەیاندنەکانی ئاشکرا کرد ئێستا دەوڵەتی تورکیا پێویستی بەوە نیە بۆ تێپەڕکردنی هێزەکانی لە دەوازەی سنووری ئێبراهیم خەلیل دەستوور لە ‌حکومەتی هەرێم یان بەغداد وەر بگرێت. راستەوخۆ لەسەر سنووری خۆی بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان و بۆ هەرێمەکانی مەتینا و حەفتانین ڕێگای لێداوە و لەو رێگایەوە رۆژانە هێزەکانی راگوێزی باشوور دەکات و لۆجستیکیان بۆ دەنێرێ، هەروەها بازگەی داناوە و داواى ناسنامە لە هاوڵاتیان دەکات. تەنانەت لە هەندێک شوێن تابلۆی دانەوە و نووسیویە هاتن بۆ ئەو سنوورانە قەدەخەیە.
دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتاکانی ئەم ساڵ تووشی شکەستی گەورە بووەتەوە هەم لە بواری لەشکەری و هەمیش لە بواری رێخستنی و سیاسی. نەورۆزی ئەم ساڵ بە مزگێنی فەرمانداری هەپەگە موراد قەرایلان سەبارەت بە دەسخستنی تەکنەلۆژی دژە درۆن دەستی پێکرد، بەم رەنگە ئەرتەشی تورکیا سەروەری تەکنیکیشی لە دەست دا. هێزی گەریلا توانیویەتی ئەنجامەکانی شەڕ پێچەوانە بکات و شەڕی درۆنەکان ئێستا بۆ سەربازانی تورک وەک شەوەی ليهاتووە و خەوی لە چای ئەنقەرە زڕاندووە. رۆژانە دیمەنی چالاکی گەریلا بڵاو دەبنەوە کە چۆن درۆنەکانی ئەرتەشی تورک دەخەنە خوارەو، ئەم چالاکیانە تەنیا بەوەوە نەوەستاوە و گەریلا توانایی هێرشی درۆنی هەیە و لە رێگای درۆنی خۆکووژی(کامیکازی) هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی تورکیا. شەڕی قەرەباخی ئەرمەنستان بە هۆی تەکنیکی درۆنەکانی تورکیا لە ئازەربایجان شکستی هێنا، بەڵام ئێستا گەریلا تەکنیک و تاکتیکی شەڕی پێکەوە گرێداوە و ئەرتەشی تورکیای دەسپاچە کردووە. ئەمەش وای کرد دەوڵەتی تورکیا هەست بە لاوازی بکات و هەوڵیدا لە دیپلۆماسیێکی چڕدا دەوڵەتی عێراقیش بۆ شەڕ دژی پەکەکە نزیکی خۆی بکاتەوە. هەروەها هەوڵیدا ئەمریکا و ئێران گلۆپی سەوزی بۆ هەڵکەن. لەم بوارەدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان پەدەکەش بووە بەشێک لەم پلانی داگیرکاریە.
ململاني ئاکەپە لەگەڵ پرسی کورد چەند قۆناغى جیاوازی تيپەڕ کردووە. ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک ئاکەپە هاتە ناو کایەی سیاسی تورکیاوە، دۆخی ناوخۆیی ئەم وڵاتە هەم لە بواری ئابووریەوە تێکشکابوو، هەر وەها کۆمەڵگەی باوەڕمەندی تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی عەلمانی کە هەبوو هەستی بریندار کرابوو. پارتی داد و گەشەپێدان بە پاشخانێکی ئێسلامی کە خۆدی ئەردۆغان پەروەردەی رەوتی ئێسلامی ئەم وڵاتە بوو، سەرەتا بە درووشمی داد و گەشە لە بواری ئابووری و خزمەتگۆزاری هات، لەو قۆناغەدا بزووتنەوەی کورد لە باکوور کە پەکەکە پێشەنگایەتی دەکرد بە هۆی گیرانی عەبدۆڵا ئۆجالان سەرۆکی ئەم پارتە و ئەو دەستێوەردانە دەرەکیانەی کە بۆ پاکتاوکردنی ئەو تەڤگەرە لە ئارادا بوون لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەچووە پێشەوە. راوەستانی شەڕەکان و دروست کردنی دۆخی ئاشتی لە لایەن ئۆجالان و پەکەکە بە راوەستانی چالاکیەکانی گەریلا لە باکوور و دەسنیشان کردنی نەخشەرێگای ئاشتی دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئاکەپە. لە نێوان ئەم ساڵانە ئەکەپە بە گووتاری چارەسەری پرسی کورد و سیاسەتی کرانەوە هەنگاوی هەڵگرت. دوای ساڵی ٢٠٠٧ کە توانی دەنگەکانی لە پارلەمان مسۆگەر بکات سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە پرسی کورد گۆڕین و زۆرتر بەرەو تاک ڕەوی رۆیشت و وای کرد تاکوو هێدی هێدی هاوپەیمانەکانی خۆی لە گۆڕەپانەکە دەرکرد و بەرەو پارتی نژاد پەرەستی مەهەپە نزیک بوویەوە. ٢٩ی ئاداری ٢٠٠٩ دوای هەڵبژاردنەکانی شارەوانی DTP و وەرگرتنی نزیک بە سەد شارەوانی ئاکەپە ئەنجامەکانی لا پەسەند نەبوو و دەستی کرد بە ڕەشبگیری ئەندامانی ئەم پارتە کە دواتر وەکوو دۆزى کەجەکە ناسرا. ئەمە بە واتای دەسپێکردنی دۆخێکی نوێ بوو لە لایەن ئاکەپەوە دژی گەلی کورد. وای لێ هات ئەردۆغان بە ئاشکرا دەیوت: " ئەگەر بیری لێ نەکەیتەوە شتێک بەناوی پرسی کورد نیە". 

دوای ٢٢ ساڵ دەسەلاتداری رەها، ئاکەپە نیتوانیوە ئە دروشمانەی کە دابوونی جيبەجێان بکات. هەڵاواسانی ئابووری زۆر بووە، بێکاری پەرەی سەندووە و نادادی کۆمەڵایەتی لە لووتکەدایە.  هەروەها سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەوتن دروست نەبووە بگرە گووشارەکان زۆرتر بوون، بە تایبەت دوای هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە و کارکردن لە سەر پرۆژەی عوسمانییەنوێیەکان و دەستێوەردان لە رۆژئاوای کوردستان و پشتگیری و رێخستن کردنی رێکخراوی ترۆریستی داعش و داگیر کردنی عەفرین  هەروەها تووند کردنەوەی گۆشەگیری لە ئێمرالی و گرتنی هاوسەرۆکانی HDP و چالاکوانانی کورد هیوای چارەسەری پرسی کورد لە لایەن ئاکەپەوە لە گۆڕ نرا. بە تایبەت دوای ئەوە ئەردۆغان ڕێککەوتنەکانى دۆڵمەباخچەی هەڵوەشاندەوە. سیاسەتەکانی هاوپەیمانی ئاکەپە- مەهەپە لە ساڵی ٢٠١٦ وە لە سەر بنەمای سیاسەتی چۆک شکاندنی گەلی کورد بەريوە دەچێت. ئەمەش وای کردوە گرژیەکان زۆرتر ببنەوە.
ئاکەپە ئێستا لە دۆخی لاواز خۆیدایە و لە بن بەستێکی سیاسی و لەشکەریدایە. هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان لە مانگی ئادار و ئەو سەرکەوتنانەی کە گەلی کورد دەستی خستن، ئاکەپەی کردە پارتی دووهەمی تورکیا. ئاکەپە دەیویست بە سیاسەتی قەیوم شارەوانیەکان بگرێت، بەڵام هەڵوێستی گەل لە وان و شەرناخ ئەو سیاسەتەی ئاکەپە- مەهەپەی تووشی شکەست کردوە. لە ئێستادا بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و بۆ ئەوەی بتوانێت بە دەستێکی پڕەوە تێپەڕی هەڵبژاردنەکانی پارلەمان بێت، دەستی بە هێرش کردووە،بەڵام تێچووی ئەم شەڕە ئێستا بووەتە بارێکی قۆرس بەسەر گەلی تورکیاوە. پرسی بنەڕەتی ئەوەیە ئایا ئەم شەڕە کۆتایی ئەردۆغان و سیاسەتی عوسمانییەنوێیەکان دەبێت یان نە؟ 
بۆ ئەوەی بتوانین لە واتای ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بە سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆکی ئەم پارتە ئەردۆغان تێبگەین دەبێ سەرەتا لە پرۆژەی ئێسلامی نەرم کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات باش تێبگەین. لە بەرامبەر سۆڤیەتی جاران پێوسیت بە پێشتێنی سەوز هەبوو کە دوای هێرشی سۆڤیەتی بۆ ئەفغانستان و هێدی هێدی ئێسلامیە تووندڕەوەکان پەرەیان پێدرا و ئەم پرۆژەیە بە چاودێری ئەمریکا و لە رێگای عەرەبستانی سعوودی بەرێوە دەچوو. ئۆسامە بن لادە وەکوو کەسێکی سعوودی جێبەجێکاری ئەو پرۆژەیە بوو. وەک دەزانین لە ساڵەکانی نەوەد دوای رووخانی سۆڤیەت گرنگی ئەو پرۆژەیە کەم بوویەوە و نێوان ئەمریکا و بن لادەن خراپ بوو، لە درێژایی ساڵەکانی نەوەد شەرو ئاڵۆزی لە نێوان رێکخراوە رادیکالەکانی ئێسلامی وەکوو ئەلقاعیدە زۆرتر بوو. تاکوو گەیشتە یازدەی سپتامبری ساڵی ٢٠٠١ و هێرش بۆ تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆڕک. ئەمریکیەکان بۆ بێکاریگەر کردنی ئەو هێزە ئێسلامیانەی کە خۆیان بنیادیان نابوون پێویستیان بە پرۆژەی ئێسلامی نەرم بوو.
دوای هێرشەکانی سەدام بۆ سەر کویت و لە سەردەمی بۆشی باوک، پلان ئەوە بوو بە جۆرێ پێش بە بنیادگەرایی ئێسلامی بگیردرێ، لە سەر ناوی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی مەزن پێویستی بە دەستێوەردان بوو. پلانگێری دژی عەبدۆڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لە پاییزی سالی ١٩٩٨ هەنگاوی سەرەتایی ئەم پڕۆژەیە بوو. ئەوان نەیاندەویست هێزێکی هەرێمی وەکوو پەکەکە کە دەیتوانی دۆزی کورد بەرجستەبکاتەوە و خاوەن پرۆژەی کوردستانی سەربەخۆیە لەم دەرفەتە بەهرەمەند بێت.
ساڵی ٢٠٠٢ هاتەن سەر کاری ئاکەپە هەنگاو هاوێشتن بوو بەرەو ئێسلامی نەرم کە بتوانێت پرۆژەکانی رۆژئاوا جێبەجێ بکات. ئەمە پرۆژەیێکی ئاوانگالیسم یان ئاوانجلیسم( بە واتای "گەڕانوەو گوێگرتنە بۆ پەرتووکی پیرۆز" لێرە مەبەست لە پەرتووکی پیرۆز تەنیا ئێنجل نیە، مەبەست پەرتووکی سەردەمی کۆن یان تەوراتە کە هەمان پەرتووکی جووە(یەهوود) کانە. ئاوانگالیسم باوەڕی بە بژارە بوونی گەلی جوو(یەهوود) و ئەو مافەیان بۆ ئەو هەرێمانە کە وەکوو وڵاتی بەڵێن پێدراو ناسراوە). بووە کە بە هاوکاری سێ ئایینی ئێبراهیمی؛ مەسیحی- جوو- ئیسلامى جێبەجێ دەکرا کە دواتر دەسنیشان کردنی حسێن باراک ئۆباما وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هەمان چوارچێوە پەیرەو کرا.
دواتر نزیک بونەوەی ئەردۆغان لە هێڵی شۆڤێنیستى مەهەپە، پارتی داد و گەشەپێدانی لە چوارچێوەی ئەو پرۆژیە کە بۆی دەسنیشان کرابوو دەرخست. چەندە ئەردۆغان بەهێز بوو زۆرتر جڵەوەی پارتەکەی بەرەو نەتەوەگەرایی، کە تێکەڵەیەکە لە دینگەرایی تورکی پەرەی سەند، بەم جۆرە ئاکەپە لە پارتێکی میانەرەوی ئێسلامی بوو بە پێشەنگی شۆڤێنیزمی دینی و رەگەزی. سەرهەڵدانەکانی سەرەتای ٢٠١١ کە بە بەهاری عەرەبی دەناسرێت، گرفتێکی زۆری لە رێوەبەری جیهانی عەرەبی سازکرد. ئەمریکا ویستی دەستێوەردان بکات، بە تایبەت لە سوریا بە هاوکاری ئەردۆغان هەندێک هەنگاوی هەڵگرتن، بەڵام ئەردۆغان وەکوو سەرکردەیێکی ئیخوان هەوڵیدا تاکڕەوانە و بۆ بەهێزکردنی ئێخوانی تێکەڵ بە رەگەزگەرایی کە لە سەر باڵادەستی تورک راوەستاوە، پرۆژەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تێکبدات. بە تایبەت بە پشتگیری کردنی داعش هەموو هەوڵەکانی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوین بە فیڕۆ دا.
ئایا ئاکەپە وەکو بەرێ هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسە دەبێ سەرنجی کوودەتاکەی ١٥ی ژوئیەی ٢٠١٦ بدەین کە چۆن هێرشی کردە سەر فەتحۆڵا گۆلەن و هەموو رێکخستنەکانی ئەو کۆمەڵەیەی خستە بن کۆنترۆڵی خۆی. لە ئێستادا ئاکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پاوانخوازی رۆیشتووە و خەونی عوسمانییەنوێیەکان دەبینێ و دەیەوێت میساقی ملى بە بیرۆکەی ئیخوانیزم زیندوو بکاتەوە چیدی ئەو پرۆژە نیە کە ئەمریکا دیخواست. ئێستا دەوڵەتی تورکیا کە لە سەر بنەمای هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە بەرێوە دەچێت بە شێوازێکی ئاشکرا پاڵپشتی داعش دەکات و بووەتە ناوەندی پەرەسەندنی بوونیادگەرایی ئیسلامی و رەگەزگەرایی لە هەرێمەکە و ئاستی جیهان. بە ئاشکرا پشتگیری ڕەوتی تۆندڕەوی لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەورووپا دەکات. ئەندامی ناتۆیە بەڵام جار جار بەرەو رووسیا بایداوەتەوە و پەیمانی لەشکەری دەبەستێت، ئەمەش بۆ ناتۆ جێگای پەسەند نیە بۆیە دەکرێت تۆزێک پەڕووباڵی لێ بکەنەوە.
گرفتی گەورەی تورکیا لەو رۆژەی کە دامەزراوە چۆنیەتی پاکتاو کردنی گەلی کورد بووە کە بووەتە فۆبیا کورد. هەموو دیپلۆماسی تورکیاش لە سەر ئەم بابەتە بەرێوە چووە و هەوڵیداوە هەمووان لەگەڵ خۆی هاوڕا بکەن. بەڵام هەمووان لەسەر ئەو یۆچوونەى تورکیا نین. بە تایبەت دوای شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان پێشهاتەکان گۆڕانکاری زۆریان بە سەردا هاتووە. بەرژوەندیەکانی ئەمریکا لەگەل ئیدارەی خۆرێوەبەری باکوور-رۆژهەڵاتی سووریا کە کورد پێشەنگایەتی دەکات پێکەوە گرێیان خواردووە. ئەمەش وادەکات سیاسەتەکانیان وەکوو یەک نەبێت.
لە ئێستادا ئەردۆغان بۆ ئارامی هەێمەکە گرفتە، پرۆژەی عوسمانییەنوێیەکان دەستێوەردانە لە سووریا و عێراق، هەر وەها هێرشە بۆ بەرژوەندیەکانی ئێران. وەک دەزانین ئێسرائیل- ئازەربایجان و تورکیا زۆر لە یەک نزیکن. تورکیا دەیەوێت سەرکردایەتی پڕۆژەی پان تورانیزم(لە روانگەی سیاسیەوە تورانیزم پرۆژەیێکی ناسیۆنالیستە تورکەکانە بۆ یەکخستەنوەی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە تورکەکان تێدا ژان دەکەن. کەسانێک وەکوو زیا گۆک ئاڵپ و ئەنوەر پاشا کاریان لە ژێر ناوی "توران چیلیق" یان یەکیەتی تورکەکان کاریان بۆ کردوەو وئەمڕۆیش ئاکەپە-مەهەپە بە سەرکردایەتی ئەردۆغان کاری بۆ دەکەن). بکات کە لە مەغوولستان تاکو ئاسیای ناوین لەوێوە بۆ دەریای سپی درێژ دەبێتەوە. ئەمەیش بۆ ئێران کە بەشێکی زۆری تورکی ئازەری تێدایە مەترسیدارە.  دۆخی هەرێمەکە رێگە بەو تەراتێنەی تورکیا نادات و هەڕێمەکە زۆرتر ئالۆز دەکات. ئێران دوای مردنی رەئیسی دەسنیشانکردنی پزشکیان کە هەم لە لایەن رێفۆرمخوازەکان و هەمیش پاوانخوازەکان جێگای پەسەندە درگاکانی گفتگۆی لەگەڵ ئەمریکا کردوەتەوە، بۆیە هەمووان لەسەر ئەوباوەڕەن کە کارتەکانی ئاکەپە سوتاون و دەبێ بڕوات، شیمانە دەکرێت بە لاواز کردنی ئاکەپە پارتی کۆماری جەهەپە کە زۆرتر نزیک بە ئەورووپا و رۆژئاوایە جڵەوەی دەسەڵات بگرێتەو دەس.
هەڵکردنى گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان سەبارەت بەم هێرشانەى کە دەیکاتە سەر باشووری کوردستان، ڕاکێشانی ئەردۆغانە بۆ ناو شەڕێکی بێ ئەنجام. ئەردۆغان پێوایە لە ماوەیێکی کورتدا دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام ئامادەکاریەکانی گەریلا سەبارەت بە تەکنیک و تاکتیکی شەڕ گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە  و تاکو ئێستا ئەنجامەکانی گۆڕەپانی شەڕ باس لە تيکشکان و بێ ئەنجام بوونی ئەرتەشی تورکیا دەکەن. هەروەها جێگیر کردنى چەتەکانی داعش لەو هەرێمانەی کە داگیری کردوون، تورکیا ئێستا لەو هەرێمانە بیری نەوت هەڵدەکەنێ و ئەمەش بۆ هاوپەیمانەکانی جێگای گۆمانە. وەک دەزانین پەیمانە نێونەتەویەکان دەرفەت نادەن تورکیا تا دوایی لەوێ جێگیر بێت و  لە هەوڵی دیالۆگ لەگەل بەشار ئەسەدە و لایەنگرانی خۆی رادەستی دمشق دەکات. پەدەکە بەشداری کردن لە پرۆسەی داگیرکەری باشووری کوردستان لە لایەن تورکیاوە دەکات و بەم جۆرە چووتە ناو گەمەیەکی مەترسیدار و بە کۆتایی هاتنی ئاکەپە ئەویش لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان تووشی شکەستێکی گەورە دەبێت . ئەم ترسەیش وای کردوە پەدەکە نەوێرێ بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. تۆرکیا بە جێگیر کردنی داعش و گرووپە تووند ئاژوەکان مەترسی لە دەسدانی هەرێمی بادینان هەیە کە مەکۆی پەدەکەیە.