پێنج هەزار تۆن پەتاتەی هەرێم هەناردەی وڵاتى ئیمارات دەکرێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگه کوردستان ئابووری پەتاتە


Jul 24, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کەریم سلێمان بریاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و نوێنەری کونسڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتی کشتوکاڵ و بازرگانی و وەبەرهێنان و ژمارەیەکی دیکە لە خاوەنکار و پڕۆژەکان و جوتیاران، لە چوارچێوەی بایەخپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و پشتگیری کردنى بەردەوامیان، لەڕێورەسمێکى تایبەتدا لە ژوورى بازرگانى و پیشەسازى، بەپێى ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای "ئاورا"ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیی "نجوم سەفوانی" ئیماراتی، بۆ ساڵی دووەم لە سەر یەک، دەستکرا بە هەناردەکردنى (5 هەزار) تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتى ئیمارات.

لە ڕێورەسمی واژووکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو کۆمپانیا، بریکاری وەزارەت وێڕایی دەستخۆشی بۆ ڕێکخستنی ڕێورەسمەکە، تیشکی خستەسەر پاڵپشتی وەزارەت و گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران بەهێزکردنی پێگەی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان .

پاشان، ڕێککەوتنامەی نێوان هەردوو کۆمپانیایی (ئەوراـی هەرێمی کوردستان) و کۆمپانیایی (نجوم سەفوانـی ئیماراتی) واژوو کرا، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وەک قۆناغى یەکەم، چوار کۆنتێنەر پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 100 تۆن دەبێت ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات کرا و پرۆسەی هەناردەکردنیش لە ماوەی 15 بۆ 20 ڕۆژ بەردەوام دەبێت تاکو هەر پێنج هەزار تۆنەکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت.