لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاوڵاتییەک دوو تۆمەتبار دەستگیرکران

(0) / / كوردستان / ڕوانگە تۆمەتبار سلێمانی


Jul 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاوڵاتییەک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد.

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند:" دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لەگەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی تردا دەبێتە شەڕو دەماقاڵێی، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات، تۆمەتباران بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستۆتەڕوو:"دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکەو ئەنجامدانی کەشف و هێڵکاریی بۆ شوێنی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیانپێکرد، سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانییەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرایشیکردووە:"لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ن، ع، م - أ، ج، م) کە دایک و کچن ، بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.