حزبوڵڵای لوبنان پێنج ناوچەی سەربازیی ئیسرائیلی بۆردوومان کرد

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە ئیسرائیل بۆردومان


Aug 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، پێنج ناوچەی سەربازیی ئیسرائیلی بۆردوومان کردووە.

حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە، پێنج بنکەی سەربازی و هەواڵگریی ئیسرائیلیان لە باکووری ئیسرائیل بۆردوومان کردووە.

ئەوەش خراوەتە روو، لەو هێرشەدا ئامانجیان بۆردوومانکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی و هەواڵگریی بووە و توانیویانە لە رێگەی چەند مووشەکێک و تۆپخانەکانیانەوە، سەرجەم ئامانجەکانیان پێکاوە.

لە بەرامبەریشدا، ئێوارەی هەینی، ٢ـی ئاب، ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، چەند ناوچەیەکی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنانی بۆردوومان کرد، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانییان پوچەڵ کردووەتەوە کە چەند بنکەیەکی سەربازیی لە بەرزاییەکانی جۆلان بە ئامانج گرتبوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی بوونی دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، لە ئێستادا ئاسمانی ئیسرائیل بە رووی زۆرینەی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە.

پێشتریش وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی و چەند کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر رەوانەی کەنداوی عەرەبی و نزیک سنوورە ئاوییەکانی ئیسرائیل کراون.

هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس لە راگەیەنراوێکدا داوا لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات کە ئامادەباشی تەواو بکەن لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل.