10 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر

(0) / / كوردستان / ڕوانگە پاڵاوتگە هەولێر ئومێد خوشناو


Aug 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێر، ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگ بۆ کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکران.

ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن، هەروەها ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە پاڵاوگە یاساییەکان کەموکوڕی پارێزگاری لە ژینگە چارەسەر بکەن".'

زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەن تا ئێستا 26 یان داخراون.

پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد:

1. 138 پاڵاوگەی نایاسایی لەسنووری هەولێر دادەخرێن.

2. ماوەی 10 ڕۆژ بۆ پاڵاوگە یاساییەکان دادەنرێت تاوەکو سەرجەم مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن، هەر کەم و کوڕییەکی ژینگەیی هەبێت مەرجە چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

3. تەواوی کارگەکانی سنووری هەولێر، دەستبەجێ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەپارێزی بکەن.

4. موەلیدەی گەڕەکەکان نابێت گازی خراپ بەکاربهێنن گازەکە سەرجەن گازەکەیان دەپشکێنرێت، نابێت دووکەڵ بکەن و یەک هەفتە لەبەردەمیانە موەلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ.

5. هەر ئۆتۆمیلێک دووکەڵی پیس بڵاوبکاتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت.

6. داوا لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان دەکەین مەرجە ژینگەییەکان لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکرێن.

7. لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتیی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، هەر بەرپرسێک لە کارەکەی کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت  و هەر بەرپرسێک لە کارەکەی سەرکەوتوو بێت پاداشت دەکرێت.