کاروان یاروەیس: حکومەتی عێراق، ئامادەنییە هیچ بڕپارەیەک بۆ  هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵکان دابین بکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کاروان یاروەیس کوردستان گۆڕی بەکۆمەڵ


Aug 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - دوای تێپەڕبونی 36 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی تاوانی ئەنفالدا و هەروەها دوای 31 ساڵ لە ئازادبونی هەرێمی کوردستان، کەچی تائێستا ڕوفاتی ئەنفالکراوانی کورد، لە بیابانەکانی خواری عێراق، نەهێنراونەتەوە بۆ کوردستان و ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان، لە پەڕلەمانی عێراقیش، ڕایدەگەیەنێت:" حکومەتی فیدراڵی ئامادەنییە خەرچی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هەروەها پشکنینی DNA و خەرجی ناردنەوەی ڕوفاتەکان بگرێتە ئەستۆی خۆی کە ئەوەش گرفتێکی گەورەیە لەبەردەم هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا.

کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە وپەیوەندییەکان، لە پەڕلەمانی عێراق، ڕایگەیاند:" تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان ئەوان مانگێک بەرلەئێستا دوو تیمیان نارد بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی سەماوە، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە نەیانتوانی بەردەوامبن، چونکە پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە لە ڕۆژدا دەگاتە سەروی 60 پلە،بۆیە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان چاوەڕێ دەکرێت کە کەش و هەوا فێنک بکات و پێدەچێت هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکەوێتە مانگی 10 و 11 ەوە.

وتیشی:" یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی هەڵنەدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان کێشەی DNA ی، بەگوێرەی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، خەرجی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و پشکنینی DNA و تەنانەت خەرجی ناردنەوەی ڕوفاتەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی و کەچی حکومەت ئامادەنییە  ئەو پارەیە بۆ ئەو پرۆسەیە دابینبکات، و بینیمان ئەو گۆڕەبەکۆمەڵەی ناوچەی "تەلشێخ" کە لە قەزای چەمچەماڵ بەخاک سپێردران دوو ملیار دیناری دەویست حکومەت ئامادەنەبو ئەو بڕپارەیە خەرج بکات بۆ پشکنینی DNA.

کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە وپەیوەندییەکان، لە پەڕلەمانی عێراق،ئاماژەی بەوەشکرد:" هیوادارین حکومەتی عێراق، پشکنینی DNA بۆ ڕوفاتی ئەنفالکراوان ئەنجامبدات، چونکە لە چەندڕویەکەوە گرنگە، لەوانە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوان دەزانن کام گۆڕە گۆڕی کەسوکارەکانیانە، هەروەها ئەو پشکنینانە دەبێتە بەڵگەی تاوان و دەتوانین لە داهاتوودا وەک بەڵگەیەک بەکاریان بهێنین.