بافڵ تاڵەبانی: پارتی 50+1 ناهێنێت و 11 بە هیچیش نەما / بەبێ ئۆکەی یەکێتی، مەسروور بارزانی نابێت بە مودیر عامیش

(0) / / كوردستان / ڕوانگە بافڵ جەلال تاڵەبانی کوردستان یەکێتی


Sep 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی وەڵامی بەرپرسانی پارتی دایەوە کە چەند ڕۆژێکە بانگەشەی ئەوە دەکەن مەسروور بارانی دەبێتەوە بە سەرۆکی حکومەت لە کابینەی دەیەمدا، تاڵەبانی دەڵێت "پارتی 50+1 ناهێنێت و 11 بە هیچیش نەما (مەبەست لە کورسیی پێکهاتەکانە)، من دەپرسم: چۆن دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟".

بافڵ تاڵەبانی کە ئەمڕۆ وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، جەختی کردەوە "بەبێ ئۆکەی یەکێتی، مەسروور بارزانی نابێت بە مودیر عامیش".

چەند ڕۆژی ڕابردوو هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو حیزبە، لە لێدوانەکانیاندا جەختیان کردەوە کە پارتی لەم هەڵبژاردنەدا "براوەی یەکەم" دەبێت و مەسروور بارزانییش دەبێتەوە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

سەرۆکی یەکێتی وتی، ئەوان ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و ئامادەکارییان کردووەو حیزبەکانی دیکە هێشتا ئامادەکارییان نەکردووە، "بەڵام ناتوانن ئەمجارە لە هەڵبژاردن ڕابکەن و هەڵبژاردن دەکرێت".
ڕۆژی 20-10-2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکەو ئامادەکارییەکان بەردەوامن.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.