بەرپرسێکی سەربازی ئێران: وەڵامدانەوەی تیرۆرکردنی هانیە جیاواز دەبێت

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە ئێران هەنییە ئیسرائیل


Sep 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە -  ئەو بەرپرسەی ئۆپراسیۆنەکان لە سپای قودسی سپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ئیسماعیل هانیە، بەرپرسی دەفتەری سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس، زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر لە تاران، جیاواز دەبێت، و شێوازەکەی ئاشکرا نابێت.

 ئەو بەرپرسە سەربازییە لە لێدوانەکانیدا کە میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، زیادیکردووە، شێواز و جۆری وەڵامدانەوەکە بەندە بەو هەلومەرجەی کە دەتوانێت ئامانجەکانی تاران بەدیبهێنێت.

 فەرماندەی سوپای قودس هەروەها وتی کە ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەڵامدانەوەی تیرۆرکردنی هانیە دەتوانێت درێژ بێت تا ئەو کاتەی مەرجە گونجاوەکان بوونیان هەیە.

 کاربەدەستانی ئێران چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە دەکرێت وەڵامدانەوەی وڵاتەکەیان بۆ تیرۆرکردنی هانیە بۆ ماوەیەک دوابخرێت، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە ناچاری دێت.

 لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەمریکا هێزی دەریایی کۆکردۆتەوە، لەنێویاندا کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگر، وەک پێشبینییەک بۆ ئەگەری هێرشی ئێران.

 ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە تیرۆرکردنی ڕێبەری کۆچکردووی فەلەستینی لەناو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە تاران و لێکۆڵینەوەکانی ئێران بەو ئەنجامە گەیشتن کە هیچ خیانەتێک لە ناوەوە نەبووە.