یەکێتی بە مافی خۆی دەزانێت ھەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە یەکێتی چاودێر


Sep 07, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەکی ھێمنانە و دوور لە ھەموو جۆرە گرژییەک، ھەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات.

لەڕوونکردنەوەیەکدا مەکتەبی راگەیاندن و ھۆشیاری یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، ‌‎دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کارەکانی ئەنجامداوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامبووە.

لەڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، بەوپێیەی مەلا بەختیار لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەکە رادەستناکرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەکێتیدا درێژە بە کارەکانی بدات، یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەکی ھێمنانە و دوور لە ھەموو جۆرە گرژییەک، ھەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات.

ڕونی دەکاتەوە:"، ئەم ھەوڵە نەک پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیکردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵکو پاڵپشتیی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و فروانکردنی سنوورەکانی دیموکراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتی بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە. ئەم ھەوڵەی یەکێتیش درێژکراوەی ھەوڵەکانی حزبەکەیە بۆ رێکخستنەوەی دەزگاکانی و باشتر خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی. ھەموو دەنگۆیەکیش سەبارەت بە جووڵاندنی ھێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەکەینەوە.

هەروەها مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی ئەوەی خستۆتەڕوو:"‌‎بەداخەوە میدیای باڵێکی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە ھەوڵی نەزۆکانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەکان و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان، بۆیە داوایان لێدەکەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی کاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاکوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریکەکانی ھەولێر و بادینان ئازادبکەن. سلێمانی پێویستی بە فرمێسکی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵکو ئێوەن دەبێت وانەکانی ئازادی و دیموکراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن".