وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەردی بناغەی سێ پڕۆژە لە ناحیەی سەنگەسەر دادەنێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە سەنگەسەر کوردستان


Sep 10, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - رۆژی دوشەممە ٢٠٢٤/٩/٩ لە رێورەسمێکدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردی بناغەی سێ پڕۆژەی لە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر  بەگوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار دانا.

دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو  نیشتەجێکردن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەدانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکان و رایگەیاند؛ دوێنێ لە گەرمیان ئەمڕۆ لە کوێستان، هەمو هەوڵێکمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیانە لەسەرجەم ناوچەکان و خوای گەورە پشتیوانمان بێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک حکومەت ئەرکی سەرشانمانە خزمەتی هاونیشتیمانیان بکەین و ئێمەش کە لێرەین بۆ خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و منەتی تێدا نیە، بەوهیوایەی هەموان پێکەوە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکەین.

لە رێورەسمەکەدا، بریکاری وەزیر بۆ رێگاوبان و بریکاری وەزیر بۆ نیشتەجێکردن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و جێگرانی سەرپەرشتیار و قائیمقامی قەڵادزێ و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و دانیشتوانی سنورەکە ئامادەی بون.

پڕۆژەکان پێکهاتون لە قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی بناری قەندیل و دۆڵی شارۆشیان لە کورتەکە-قەڕناقاو بە درێژی ١١.٥ کم بەگوژمەی دو ملیار و ٧٨٩ ملیۆن دینار، قیرتاوکردنی رێگای گوندی بۆڵێ ٣.٥ کم بەگوژمەی زیاتر لە ٤٦٢ ملیۆن دینار، قیرتاوکردنی رێگای گوندی لێوژە بەدرێژی ٢کم و بە گوژمەی زیاتر لە ٢٨٩ ملیۆن دینار. هەرسێ پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئاشنا و زرنگی گریزە جێبەجێ دەکرێت.