جەختی سەرۆك کۆماری عێراق  لەسەر گرنگی یەکخستنی ریزی نیشتمانی و کاری هاوبەش لەنێوان هەمووان

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان سەرۆککۆمار مەولوود


Sep 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید  یەکشەممە 15-9-2024، لە مزگەوتی حەزرەتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەگەڵ خەڵکی بەغداد بەشداریکرد لە ئاهەنگی یادی لەدایکبونی پێغەمبەری پێشەوا محەمەد (درودی خودای لەسەربێت).

سەرۆك کۆمار لە پۆستێکیدا، کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) بڵاویکردوەتەوە، جەخت لە پێویستی وەبیرهێنانەوەی ئەو بنەما مرۆییە باڵایانە دەکاتەوە، کە پێغەمبەری مەزن (د.خ) داوای کردوە لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی و بەهاکانی خۆشەویستی و ئاشتی. هەروەك سەرۆك کۆمار ئاماژەی کردوە بە گرنگی یەکخستنی ریزی نیشتمانی و کاری هاوبەش لەنێوان هەمووان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.

ئەمەش دەقی پۆستەکەی بەڕێز سەرۆك کۆمارە بەبۆنەی یادی لەدایکبونی پێغەمبەری پێشەوا محەمەد (د.خ).

"لەنێوان رۆڵەکانی گەلەکەماندا و لە مزگەوتی حەزرەتی قادریەی پیرۆزەوە لە بەغداد، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق و تەواوی موسوڵمانان دەکەین بەبۆنەی یادی لەدایکبونی پێغەمبەری پێشەوا محەمەد (د.خ). بەم بۆنەیەوە یادی بنەما مرۆییە باڵاکان دەکەینەوە، کە پێغەمبەری پێشەوا بانگەوازی بۆ دەکرد، کە بریتین لە؛ چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی و بەهاکانی خۆشەویستی و ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان مرۆڤەکان.
هەر بەم بۆنەیەوە، جەختدەکەینەوە لە گرنگی یەکخستنی ریزی نیشتمانی و کاری هاوبەش لەنێوان هەمواندا بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان و گەلەکەمان بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە و پێکەوە هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەش، کە خواستەکانی عێراقییەکان بەدیبهێنێت".