زانكۆلاین بۆ ماوەى دە رۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت

(0) / / كوردستان / زانکۆلاین کوردستان خوێندن


5 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند:" لە ئەمڕۆوە تاوەکو دە ڕۆژی دیکە زانکۆلاین بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەی کاردەکرێت و هەروەها ئاماژەبەوەشدەکات:" وەزارەتى خوێندنى باڵا بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى زانکۆلاین لە سەنتەرە بازرگانییەکان.

پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە ئەمڕۆ شەممەوە ڕێکەوتى 21 ی ئەیلولی 2024 سەعات 12ى نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى (10) ڕۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕونیکردۆتەوە:" وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا ڕۆژى 30 ی ئەیلولی 2024، واتە بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچوان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).

وەزارەی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستۆتەڕوو:" بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ى ئامادەیی و ئاشنابونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com)  بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

سەبارەت بە دەرچوانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەییە پیشەییەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایدەکات: زانکۆلاین لەهەمان کات و هەمان وێبسایت بۆ ئەوانیش کارا دەبێت بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا باسی لەوەشکردووە:" سەرجەم ئەو دەرچوانەى لە خوار ساڵى 2000وە دەرچون و هەروەها دەرچوانی پێنج ساڵی ڕابردوی پیشەییەکان کە نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەهۆی نەبونی ناو و زانیارییان لە ناو سیستمى زانکۆلاین، پێویستە سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد و داخڵکردنی زانیارییەکانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن داواکاری وەرگرتن پێشکەش بکەن.

لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە: (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).