بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی خۆیی وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناساند

(0) / / كوردستان / بافڵ تاڵەبانی


Jul 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەزاری مام جەلال تاڵەبانی کرد و لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان، ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە، لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان بێ ئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران، بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە، دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان.

بافڵ تاڵەبانی هەروەها ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین، جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەمووان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا کێشە ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی بەردەوامە و ڕزگار عەلی کارگێری مەکتەبی سیاسی ئەم حیزبەش ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەرژەوەندی یەکێتی بەردەوامە./.