دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان

(0) / / فایلی تایبەت / کاروان گەزنەیی


Jul 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان باس لە دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێم دەکات و دەڵێت کە لە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا 60 هەزار کەس بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.

کاروان گەزنەیی لە ڕاگەێندراوێکدا بە ناونیشانی "دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان"، باسی ئەوەیکردووە کە هاوتەریب لە گەڵ قەیرانی مووچە و پێداویستییە ڕۆژییەکان و گرانبوونی نرخی کاڵا پێویستەکان لە بازاڕەکانی هەرێم، دیاردەی کۆچی گەنجان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە ساڵی 2020 و شەش مانگی یەکەمی 2021، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی عێراق کۆچیان کردووە.

گەزنەیی ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە لەو ڕێگایەدا بە دەیان کەس بوونەتە قوربانی و نزیکەی 700 کەس لە وڵاتانی وەک بولگاریا، بلاڕووس و سربیا دەستبەسەر کراون.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان هۆکارەکانی دیاردەی کۆچی گەنجانی بۆ نەبوونی هەلی کار، نەبوونی دەستەبەرکردنی ژیانێکی پێویست و خەراپی دۆخی ئابوری خەڵک گەڕاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەمانەش ئەنجامی خەراپی مامەڵە و بێباکی و کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە./.