ئەمریکا: هێزەکانمان لە سوریا و عێراق دەمێننەوە

(0) / / ئەمەریکا / هەسەدە


Sep 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی 2021، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریا و عێراق دەمێننەوە.

جوئی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، سەبارەت بە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە سوریا و عێراق وتی: بە ڕوونی دەڵێم کە ئەفغانستان نە سوریایە و نە عێراق. عێراق وڵاتێکی تایبەتە، ئێمە لەم وڵاتەدا بەرژەوەندی خۆمان هەیە.

ناوبراو وتی: ئەرکەکانی ئێمە لە ئەفغانستان کۆتایی هات بەڵام بەرژەوەندییەکانمان لە عێراق دەمێنێتەوە و ئەمەش تەنیا بواری ئەمنی لە خۆ ناگرێت بەڵکوو هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق و هەسەدە لە سوریا بۆ لەناوبردنی تەواوی داعش لە خۆ دەگرێت و ئەمەش پابەندی کاتێکی دیاریکراو نابێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی کە کشانەوەی هێزەکانمان لە سوریا و عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوو نادات.

وتیشی کە ڕەنگە ئەرکی هێزەکانمان لە عێراق لە شەڕکردنەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بگۆڕدرێت بەڵام سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ڕاشکاوانە باسیکردووە کە هێزەکان لە سوریا و عێراق دەمێننەوە./.